ئانچیلۆتی بۆ كلاسیكۆ فێڵی له‌ چاڤی كردووه‌ و فریوی داوه‌

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا و كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا و كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید

کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید بڕیاریداوه‌ له‌ ترسی چاڤی هێرناندێز یەکێک لە خووەکانی بگۆڕێت پێش ئەوەی ئه‌مشه‌و لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێشکۆتایی جامی پاشا رووبه‌ڕووی بارسێلۆنا ببێته‌وه‌.

ئانچیلۆتی لە كاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی پێش یارییەکەدا له‌ باره‌ی پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی سه‌ری له‌ رۆژنامه‌نووسان و چاڤی شێواندووه‌، به‌وپێیه‌ی ئانچیلۆتی هێشتا ئه‌و یاریزانانه‌ی به‌شداریی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ده‌كه‌ن به‌ خودی یاریزانه‌كانیشی نه‌گوتووه‌.

بەپێی تۆڕی "دیفێنسا سێنتڕاڵ"ـی ئیسپانیا، ئانچیلۆتی لە دوایین مەشقەکانی پێش ئیل کلاسیکۆدا بە دەیڤیدی کوڕی گوتووە کە هیچ ئاماژه‌ و زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی نه‌دركێنێت ته‌نانه‌ت لای یاریزانه‌كانیش.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ کردووە، ئانچیلۆتی بڕیاریداوە خووی خۆی بگۆڕێت بۆ پاراستنی نهێنی، چونكه‌ پێشتر زۆرجار به‌ راشكاوانه له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی‌ باسی پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌ ترسی چاڤی هێرناندێز كه‌ 3 كلاسیكۆی له‌سه‌ریه‌ك پێدۆڕاندووه‌ نایه‌وێت باسی پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بكات، چونكه‌ چاڤی زۆرباش له‌ شێوازی یاریكردنی راهێنه‌ره‌ ئیتاڵیاییه‌كه‌ تێده‌گات.

ئانچیلۆتی ده‌یه‌وێت بۆ كلاسیكۆ سوود له‌و وره‌ به‌رزی و متمانه‌ی ئێستای یاریزانه‌كانی وه‌ربگرێت به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له‌ لالیگا 6 ـ 0 له‌ ڤایادۆلیدیان برده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌یه‌وێت یاریزانه‌كان به‌دووربگرێت له‌ قسه‌ و دركاندنی زانیاری، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌و جۆش و خرۆشه‌ی ئێستای یاریزانه‌كانی بكات.

بارسێلۆنا لە یاریی چوونی جامی شادا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ڕکابەرە مێژینه‌كه‌ی له‌ نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ له‌ ڕیال مەدریدی بردەوە، ئه‌مشه‌ویش له‌ كاتژمێر 10:00 له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌دا له‌ یاریگه‌ی كامپ نوو رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

 

Fly Erbil Advertisment