هاووڵاتییانی پارێزگای سەڵاحەددین لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری نیگەرانن

K24 – هەولێر:

سەرەڕای هەبوونی دوو کێڵگەی نەوتی لە پارێزگای سەڵاحەددین، هاووڵاتییانی پارێزگاکە لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری نیگەرانن.

کێڵگە نەوتییەكانی عەجیل و عەلاس لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین كە بەرهەمی رۆژانەیان نزیكەی 150 هەزار بەرمیلە، یەدەگی نەوتیش لە هەردوو كێڵگەكە سێ ملیار بەرمیلە، بە گوتەی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە، داهاتی نەوت ناگاتە هاووڵاتییان، وەک خۆشیان دەڵێن، زۆرینەی گەنجەکان خوێندنیان تەواوکردووە، بەڵام بەهۆی دانەمەزراندن بەشێکیان کاری کرێکاری دەکەن.

پارێزگای سەڵاحەددین بە چەندین بارودۆخی تایبەتدا تێپەڕیوە، دواترینییان داگیركردنی بوو لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، دوای ئازادكردنیشی تا ئێستا وێرانكارییەكان ماون و شوێنەوارەکانی شەڕیش لەزۆربەی شوێنەكان بەدیدەكرێن.