هاوکاری دارایی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی شێخەڵلای هەولێر کرا

K24 - هەولێر:
پارێزگاری هەولێر هاوکاریی دارایی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی شێخەڵلای هەولێر کرد و رایگەیاند، مەنسور بارزانی سەرچاوەی سەرەکی هاوکارییە داراییەکە بوو.
ئەمڕۆ شەممە 8ـی نیسانی 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەو کاسبکارانەی بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر کۆبووەوە، کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ئاگر لە دوکانەکانیان کەوتەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە قەرەبووکردنیان کردەوە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هاوکارییە داراییەی پێشکەشی کاسبکارانی بازاڕی شێخەڵلای هەولێر دەکرێت، "تەنها وەک هاوکارییە" و بە کاسبکارانی گوت، "ئەگەر وەکو قەرەبوو باسی لێوە بکەین، ئێوە هیچ مافێکتان نییە و ناتانگرێتەوە".
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، لە گەرمەی کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی شێخەڵلا، مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان پەیوەندی پێوەکردووە و پێی گوتووە هاوکاری دارایی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی بازاڕەکە دەکات، بەو مەرجەی ناوی نەهێندرێت.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، بەپێی ئەو جەردانەی لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە کراون، دەستنیشانی زەرەر و زیانەکانی کاسبکارانی بازاڕی شێخەڵلای هەولێر کراوە، بۆ نموونە کـاسبکار هەبووە بایی 300 هەزار دینار زەرەری کردووە، بەڵام سێ جاری ئەو هێندە هاوکاری دارایی وەردەگرێت.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی روونیشیکردەوە، ئەو کاسبکارانەی زەرەرێکی زۆریان کردووە، هاوکاری ماددی زیاتریان پێشکەشدەکرێت، بەراورد بەوانەی کەمتر زەرەیان کردووە.