مێسی وه‌ڵامی ئۆفه‌ری دوو یانه‌كانی سعوودیه‌ی داوه‌ته‌وه‌

لیۆنێل مێسی و ئانتۆنێلا
لیۆنێل مێسی و ئانتۆنێلا

مێسی تەمەن 35 ساڵ، دوو ئۆفەری لەلایەن یانه‌كانی هیلال و ئیتیحادی سعوودییه‌ پێگه‌یشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هاوینی ئه‌مساڵ كاتێك گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان كۆتایی دێت په‌یوه‌ندی به‌ خولی نایابی سعوودیه‌ بكات. له‌ به‌رامبه‌ردا لیۆ مێسی وه‌ڵامی ئۆفه‌ره‌كه‌ی ئه‌و دوویانه‌یه‌ی داوه‌ته‌وه‌.

بەگوێرەی تۆڕی هه‌واڵی "فووت مێرکاتۆ"، لیۆنێل مێسی یاریزانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان وه‌ڵامی ئۆفه‌ره‌كانی یانه‌ی سعوودییه‌كه‌ داوه‌ته‌وه‌ و پێی گوتوون خولی سعوودی ره‌تناكاته‌وه‌ و لاریی نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌و خوله‌ یاریی بكات، به‌ڵام له‌ ئێستادا نا.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ لیۆنێل مێسی له‌ كاتی گفتووگۆیه‌كانی دا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی دوو یانه‌ سعوودییه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ دەیەوێت بۆ یه‌ك دوو وه‌رزی دیكه‌ لە یاریگاکانی ئەوروپا بەردەوام بێت.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر باس لە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا ده‌كرێت، به‌وپێیه‌ی لیۆ یەکێکە لە كوڕه‌كانی ئه‌كادیمیای لاماسیا و له‌ سه‌رجه‌م تیپه‌ جیاوازه‌كانی بارسێلۆنا یاریی كردووه‌، به‌ڵام لە هاوینی 2021 گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێنه‌كرایه‌وه‌ و به‌هۆی كێشه‌ی دارایی په‌یوه‌ندی به‌ پاریس سانجێرمان كرد.

لە ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا تا 2025 له‌ كه‌ته‌لۆنیا به‌رده‌وام ده‌بێت، دواتر به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆر ڕەنگە شەقامی وەرزشی سعوودیە ئەفسانەی ئارجێنتینا بە درێسی یه‌كێك له‌ یانه‌كانی هیلال یان ئیتیحاد ببینێت.

Fly Erbil Advertisment