سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جه‌ختیان له‌سه‌ر پێويستيى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتننامه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت كرده‌وه

K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جه‌ختیان له‌سه‌ر پێويستيى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتننامه‌ى ده‌سپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه.
ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رۆكوه‌زيران و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و جێه‌جێكردنى كارنامه‌كه‌ى دووپاتكرده‌وه.
هه‌روه‌ها سوودانى جه‌ختى له‌گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتننامه‌ى ده‌سپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و پشتيگيريى لايه‌نه سياسييه‌كان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران بۆ تێپه‌ڕاندنى ياساى بودجه‌ى گشتيى عێراق.
هه‌روه‌ها داكۆكييان له به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه.