بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکان: رێژەی بەستنی پێوەری ئاو لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتەوە سەدا 81

کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان | وێنە: کوردستان 24 (دووشەممە 10ـی نیسانی 2023)
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان | وێنە: کوردستان 24 (دووشەممە 10ـی نیسانی 2023)

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ بکەن بە مەبەستی بەستنی پێوەری ئاو و سوودمەندبوون لە لیخۆشبوونی 15%ـی کرێیەکە. دەشڵێت: رێژەی بەستنی پێوەری ئاو لە هەرێمی کوردستان، لە 72.5%ـەوە گەیشتووەتەوە نزیکەی 81%.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بەستنی پێوەرەی ئاو لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە و هاوکاری حکومەتی هەرێم بۆ لێخۆشبوون لە کرێی ئاوی هاووڵاتییان قسەیکرد و وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.

ئاری ئەحمەد گوتی: وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو بارە داراییەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تێدانە و بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی ئەو کرێیەی ئاو کە ساڵانە لەسەریان کەلەکەبووە، بیدەن؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین مانگ پێش ئێستا بڕیاریدا 15% لە کرێیە کەلەکەبووەکە لە هاووڵاتییان خۆشببێت.

ناوبراو هۆشداری دایە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و گوتی، "ئەم هاوکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەستنی پێوەری ئاو تا 21ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو بکەن و لەو ئۆفەرە سوودمەند ببن."

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی، تا ئێستا نزیکەی 319 هەزار هاوبەش سوودیان لەو هاوکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، "کۆی لێخۆشبوونەکان نزیکەی حەوت ملیار دیناری عێراقی بووە."

لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان پێوەری ئاویان بەستووە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکان ئاماژەی بەوەکرد: " ئێمە  لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 81 هەزار هاوبەشمان هەیە، 81٪ـی ئەو هاوبەشانە تا ئێستا پێوەری ئاویان بەستووە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاری ئەحمەد روونیکردەوە، لە پارساڵەوە و تا ئەمڕۆ رێژەی بەستنی پێوەری ئاو لە هەرێمی کوردستان، لە 72.5% ـەوە گەیشتووەتەوە نزیکەی 81%  و  ئەم ژمارەیە لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە. ئەوەشی خستەڕوو، لەو ژمارەیە نزیکەی 160 هەزار هابەش سوودمەند بوونە و لە کەرتی بازرگانیش نزیکەی 12 هەزار هاوبەش سوومەند بوونە.

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاری ئەحمەد ئاشکرایکرد، ساڵی رابردوو رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان وەرگرتووە، بۆ ئەوی هەر هاووڵاتییەک، بەتایبەت ئەوانەی لە شوێنە نیشتەجێبووەکانن، دوای ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو دەکەن و پابەند دەبن بە بەستنی پێوەری ئاو، لیخۆشبوونێکیان بۆ بکرێت، بەشێوەیەک کرێی 80 هەزاری مانگانە بۆیان بکرێتە 10 هەزار دینار و، ئەوانەی لەنێو سەنتەری شارە گەورەکانن، 80 هەزاری مانگانە بۆیان بکرێتە 20 هەزار دینار.

 رۆژی دووشەممە 13ی ئاداری 2023، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاكو ئێستا پێوەریان نەبەستووە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمەودوا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو بەمشێوەی خوارەوە:

1- بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار.

2- بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحییە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان، لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.

3- فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەند بن.

4- پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تاكو 21/4/2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگینا دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكوومەت سوودمەند بن.

5- بڕیارەكە چەند جارێكی دیکە لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە و لە دوای 21/4/2023 چیتر نوێ ناكرێتەوە.

 

Fly Erbil Advertisment