بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان دەکات لەم ساڵدا

K24 - هەولێر:

سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، بانکەکە پێداچوونەوەی بە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری جیهانی بۆ ساڵی 2023 کردووە، بەشێوەیەک چاوەڕێ دەکەن بەرزبوونەوەکە بە رێژەی 2% بێت، لە کاتێکدا مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ گەشەی ئابووری بەرێژەی 1.7% تۆمارکراوە.

دەیڤید مالباس، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی تێکڕای گەشەی ئابووری، بۆ پێشبینییە ئەرێنییەکان دەگەڕێتەوە سەبارەت بە ئاسایی بوونەوەی بارۆدۆخی چین لەدوای کۆتاییهاتنی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە سەریدا سەپێندرابوو، لەلایەکی دیکەوە پەیوەستە بە جێگیری تێکڕای گەشەی پێشبینیکراوی ئەم ساڵ کە دەگاتە رێژەی 5.1%.

بانکی نێودەوڵەتی هەفتەی رابردوو پێشبینییەکانی سەبارەت بە گەشەی هەردوو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بۆ ساڵی 2023 بۆ رێژەی 3% دابەزاند، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینیی کردبوو بگاتە رێژەی 3.5%، هەروەها پێشبینیی کردووە ئەم گەشەکردنە لە ساڵی 2024 هەندێک بەرزببێتەوە و بگاتە رێژەی 3.1%. بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت، "هۆکاری دابەزینی پێشبینییەکانی گەشەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ زیادبوونی نرخی خۆراک دەگەڕێتەوە."