یاریده‌دەری وه‌زیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ وزه بۆ کوردستان24: ده‌مانه‌وێت لە زووترین کاتدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه

K24 – هەولێر:
یاریده‌دەری وه‌زیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ وزه لە وه‌ڵامی پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند، ئه‌مەریكا له ئاستی باڵا پێشوازی له رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات و ده‌مانه‌وێت لە زووترین کاتدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه.
ئەمڕۆ سێشەممە (11ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) جێفری پایه‌ت، یاریده‌دەری وه‌زیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ وزه بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر پشتیوانی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای ئه‌مەریكی له كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن.
هەروەها جێفری پایه‌ت گوتیشی، ده‌مانه‌وێت هه‌رچی زووترە هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه و له رێگه‌ی باڵیۆزخانه و كونسوڵخانه‌كانمان له هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره و به‌غدا چاودێری رێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ین.
لەبارەی رۆڵی ئەمەریکا لەو پرۆسەیەدا، جێفری پایه‌ت روونیکردەوە له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له توركیا كارده‌كه‌ین بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان.
جێفری پایەت، یاریده‌دەری وه‌زیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ وزه گوتی، "وەک تێبینیت کرد جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، رۆژی هەینی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. ئەمەش نیشاندانی پشتیوانی بەهێزی ئەمریکایە لە ئاستی زۆر باڵا بە رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لەنێوان هەولێر و بەغدا واژووکراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە سەرئاستی تەواوی ئیدارەکە و لە رێگەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانمانەوە لە هەولێر، ئەنقەرە و بەغدا گرنگیمان بەم بابەتەداوە".
لەبارەی هۆکاری گرنگیپێدانی ئەمەریکا بەو رێککەوتنە، جێفری پایەت ئاماژەی بەوەکرد، "زۆر هۆکار هەن بەڵام یەکێک لەوانە هەبوونی وەبەرهێنانی زۆر باشی ئەمەریکییە لە سێکتەری نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. بەپەرۆشەوە کاردەکەین بۆ دۆزینەوە میکانیزمێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەرچی زووتری هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، زۆر بە گەرمی پێشوازی لە رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەکەین. لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ هاوپەیمانە تورکەکانمان بۆ ئاسانکاریکردن بۆ ئەم رێککەوتنە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە".