سەرۆککۆماری تورکیا: رۆژی عەرەفە گازی سروشتی لە دەریای رەش دەردەهێنین

K24 - هەولێر:
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دەرهێنانی گازی سروشتی لە دەریای رەش دەڵێت: "20ـی نیسان واتە رۆژی عەرەفە گازی سروشتی دەردەهێنین".
رۆژی هەینی 14ـی نیسانی 2023، ئەردۆغان دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئیمامی عەلی لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستانبوڵ بۆ میدیاکاران دوا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دەرهێنانی گازی سروشتی لە دەریای رەش، رایگەیاند: "خوا یار بێت 20ـی نیسان واتە رۆژی عەرەفە گازی سروشتی دەردەهێنین، پلان و بەرنامەکان بەم جۆرە داندراون. دواتر ئەمە لەگەڵ گازی سروشتی بەردەستمان یەک دەخەین".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 5ـی حوزەیرانی 2021، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتبووی، کەشتی فاتیح بۆ ھەڵکەندن، لە بیری ئاماسرا یەک لە کێڵگەی گازی ساکاریا، 135 ملیار مەتر سێجای دیکە گازی سرووشتی دۆزییەوە.
ئەردۆغان گوتیشی: "کۆی گشتیی ئەو گازە سرووشتییەی لە دەریای رەش دۆزیومانەتەوە، گەیشتووەتە 540 ملیار مەتر سێجا، کارەکانی ھەڵکەندن لە دەوروبەری بیری ئاماسرا یەک بەردەوامە".
سەبارەت بە کارەکانی دەرھێنانی گازی سرووشتی لەنێو دەریاوە، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: "پلانمان وایە بە سێ قۆناغ گازی سرووشتیی لەنێو دەریاوە بۆ وشکانیی بگوازینەوە. قۆناغی یەکەم دامەزراندنی سیستمەکانی بەرھەمھێنانی گازی سرووشتییە لەژێر دەریادا. قۆناغی دووەمیش بریتییە لەو وێستگەیەی کە لە وشکانیدا کار لەسەر گازەکە دەکات و ئامادەی دەکات بۆ بەکارھێنان دوا قۆناغیش بریتییە لەو بۆرییەی کە سیستمی نێو دەریا بە وێستگەی وشکانی دەبەستێتەوە".