رووماڵ

حاکم قادر حەمەجان: ئەرکی حکومەتی عێراقە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابینبکات

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بەغدا بیانووی نەماوە بۆ بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەر نەوتی هەرێمیش هەناردە نەکرێت، هەر دەبێت بەغدا بودجەی هەرێم رەوانەبکات.

ئەمڕۆ شەممە (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەرکی حکومەتی عێراقە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابینبکات و پێویستە بەغدا لە ئێستاوە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

‎حاکم قادر گوتی، "لە ئێستادا هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، بۆیە سەربەخۆ  فرۆشتنی نەوتی ھەرێم کۆتایی پێهاتووە، کە پێشتر بیانووی بەغدابوو بۆ بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە ئەگەر نەوتی هەرێمیش لە ئێستادا لەرێگەی سۆمۆوە نەفرۆشرێت، ئەوا ئەرکی حکومەتی عێراقە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە زوویی بنێرێت".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، حاکم قادر ‎جەختی لەسەر ئەوەشكردووە، "ئەگەر بەغدا پابەندی رێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەبێت، ئەوا مانای ئەوە نییە گەلی کوردستان هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێت، بەڵام ئەگەر دەیانەوێت حکومەتی عێراق، گەلی کوردستانیش خۆی بە خاوەنی بزانێت، ئەوا دەبێت شایستە داراییەکانی دابینبکەن"

هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی نوێنەرانی کوردستانە کە فشارەکانیان بۆ سەر حكومەتی عێراق چڕبکەنەوە و بە پێویستیشی دانا کە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن تا لە بەغدا بە یەک دەنگ بەرگری لە مافەکانی کورد بکەن.