مزگەوتێکی کوردان لە لەندەن نوێژخوێنەکانی ئەو شارە کۆدەکاتەوە

K24 - هەولێر:

بانگدەرێکی کورد لە مزگەوتی سەڵاحەددین کە ناسراوە بە مزگەوتی کوردان لە ناوەڕاستی شاری لەندەن نوێژخوێنەکانی سەنتەری ئەو شارە لەو مزگەوتە کۆدەکاتەوە.

چوار ساڵ پێش ئێستا ژمارەیەک هاووڵاتی کورد پلانی دامەزراندنی مزگەوتێکیان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دانا و توانییان لەساڵی 2001 مزگەوتەکە بەناوی سەڵاحەددین لە رۆژئاوای ئەو شارە دابمەزرێنن.

 وەکو خۆیان دەڵێن، بۆ دامەزراندنی ئەو مزگەوتە هاوکاریان لە بازرگانانی کوردستان وەرگرتووە، ئێستاش بۆ بەڕێوەبردنی مزگەوتەکە و گەورەکردنی پێویستییان بە هاوکارییە و زۆر جار نوێژخوێنەکان خۆبەخشانە هاوکاری دارایی مزگەوتەکە دەکەن.

نەجات ئەحمەد، بەڕێوەبەری مزگەوتی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە یارمەتی ژمارەیەک خێرخواز و بارزگانانی کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکە مزگەتەکەیان دامەزراندووە و "شوێنێکی زۆر باشی هەیە."

بەگوتەی مەهدی رەمەزان، ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە بە هاوکاری خێرخوازان ئەو مزگەوتە بەڕێوەدەبەن، بەبێ ئەوەی هێچ لایەنێکی فەرمی هاوکارییان بکات. گوتیشی: "موسوڵمانێکی زۆر لە دەوروبەری ئەم گەڕەکە هەیە، ناچاردەبین دوو هەینی بکەین، ئینجا ئەگەر بکەینە سێ هەینیش هەر بەش ناکات و بۆ جەژنیش دوو جەژن دەکەین."

نەک تەنیا کورد بەڵکو خەڵکی دیکە لە نەتەوە و رەنگە جیاجیاکان روو لەم مزگەوتە دەکەن، ئەوان لە رێگەی ئەم مزگەوتەوە زیاتر ئاشنای کوردستان و کورد بوونە.

ئەحمەد عەبدوڵلا، گەنجێکی بولگارییە و رۆژانە هاتووچۆی مزگەوتەکە دەکات و دەڵێت: "لەنێو مزگەوتەکەدا چاوم بە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەسەرتاسەری جیهان و بەتایبەت هاووڵاتییانی کورد کەوتووە، بەڕاستی زۆر مرۆڤدۆستن. ئێستا زیاتر ئاشنای کەلتووری کوردیم".

ئەحمەد لە ئەمازیغییەکانی جەزائیرە و دەڵێت: لەڕێگەی مزگەوتەکەوە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی کوردم لە پارێزگا جیاجیاکانی کوردستان، کەرکووک دهۆک، سلێمانی ناسیوە. کوردمان زۆر خۆشدەوێت، ژمارەمان هێندەی یەکە و خاوەن هەمان شۆڕشین".

لە مانگی رمەزانی پیرۆزدا لەم مزگەوتە خواردن بەسەر رۆژواناندا دابەشدەکرێت و هەموویان لەسەر یەک خوان کۆدەبنەوە