فرۆشی خانووبەرە لە تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە

کەرتی خانووبەرە لە تورکیا
کەرتی خانووبەرە لە تورکیا

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، فرۆشتنی خانووبەرە لە مانگی ئادار بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئاداری ساڵی رابردوو لەسەدا 21.4 دابەزیوە و لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا 105 هەزار و 475 مامەڵەی کڕین و فڕۆشتنی خانووبەرە کراوە.

هاوکات دەستەی ئامار راشیگەیاندووە، سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ مامەڵەی فڕۆشتنی 283 هەزار و 215 خانووبەرە کراوە و بە بەراورد لەگەڵ سی مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو رێژەکە لەسەدا 11.5 کەمی کردووە.

بەگوێرەی ئامارەکان، مانگی ئادار لە ئیستانبوڵ 18 هەزار و 166 مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە ئەنجامدراوە و بە رێژەی لەسەدا 17.2 زۆرترین داهاتی هەبووە.

جیا لەوەش لە ئەردەخان و هەکاری باکووری کوردستان کەمترین مامەڵەی فڕۆشتنی خانووبەرە ئەنجامدراوە کە کۆی گشتی هەردوو پارێزگاکە 77ـە.

سەبارەت بە فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێبوون بە کەسانی بیانی لە تورکیا، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 38.7% کەمی کردووە کە سێ هەزار و 415 یەکە بووە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا مانگی رابردوو راپۆرتێکی سەبارەت بە زیانەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، قەبارەی زیانەکان گەیشتووەتە دوو ترلیۆن لیرەی تورکی کە دەکاتە 103.6 ملیار دۆلار.

Fly Erbil Advertisment