کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی سەرهەڵدەداتەوە

K24 – سلێمانی

جارێکی دیکە کێشەی نەمانی پارە و دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە سلێمانی سەریهەڵدایەوە و ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆران لەبەردەم بانکەکان چاوەرێی مووچەکانیان دەکەن.

لەکاتێکدا مووچەخۆران پەلەیانە بۆ وەرگرتنی مووچە و کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانی جەژن، جارێکی دیکە بەهۆی نەبوونی پارەی لە بانکەکان لە سلێمانی کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان دروستبووە.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، لە دوێنێوە کێشە لە دابەشکردنی مووچە هەیە بەتایبەتی لە بانکی بەختیاری، بەڵام ئەمڕۆ کێشەکە قوڵتر بووەتەوە، چونکە بەو پێیەی کات لە جەژن نزیکبووەتەوە مووچەخۆران پەلەیانە لە وەرگرتنی مووچەکانیان.

گوتیشی: "ئەمڕۆ بە هەزاران کەس لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی چاوەڕێی وەرگرتنی مووچە دەکەن و نازانن ئەمڕۆ مووچەیان پێدەدرێت یان نا، بەڵام ژمارەیەکیان دەڵێن: تا مووچە وەرنەگرین ئەمڕۆ ناڕۆینەوە ماڵەوە".

پەیامنێرمان ئەوەشی خستەڕوو: "لە چەند رۆژی رابردووەوە مووچە لە بانکەکانی سلێمانی بە سستی دابەشکراوە".

لە هەندێک دامودەزگای سنووری سلێمانی گوتراوە کە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە رەوانەی سلێمانی نەکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی وەڵامی ئەو گوتانەی دایەوە و دەڵێت: "هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە، بە چەند سلفەیەک کە کۆی گشتی 289 ملیارو 500 ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە 80% تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە. کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیارو 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک".

Fly Erbil Advertisment