تەقەکەرەکانی گەڕەکی سێتاقانی هەولێر دەستگیرکران

K24 – هەولێر
هێزەکانی ئاسایش ئەو تەقەکەرانەیان دەستگیرکرد کە لە گەڕەکی سێتاقانی هەولێر رووبەڕووی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهەشتنی ماددە هۆشبەرەکان بوونەوە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و پۆلیس توانییان ئەو باندە دەستگیربکەن کە چەند تۆمەتبارێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بوون، لە گەڕەکی سێتاقانی شاری هەولێر بە تەقەکردن رووبەڕووی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهەشتنی ماددە هۆشبەرەکان بوونەوە و دواتر هەڵاتن، لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرجەم دەستگیکراوەکان گیراوەتەبەر و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.