"مانگی داهاتوو بودجه‌ی عێراق په‌سه‌ندده‌كرێت و ته‌مموزی داهاتووش ده‌ست به‌ خه‌رجكردنی ده‌كرێت"

په‌رله‌مانی عێراق
په‌رله‌مانی عێراق

K24 - هەولێر:

لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ مانگی داهاتوو بوودجه‌ی گشتی په‌سه‌ند ده‌كرێت.

موعین كازمی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ ئاژانسی فه‌رمی عێراقی راگه‌یاند، له‌ماوه‌ی داهاتوودا هه‌وڵده‌ده‌ین بودجه‌ی به‌كاربردن بۆ رێگریكردن له‌ كورتهێنان كه‌مبكرێته‌وه‌.

كازمی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، پێشبینی ده‌كه‌ین بودجه‌ی 2023 له‌مانگی داهاتوو په‌سه‌ندبكرێت، پاشان حكومه‌ت رێنمایی جێبه‌جێكردن و شێوازی خه‌رجكردنی ده‌رده‌كات، كه‌ له‌مانگی ته‌مموزی داهاتوو ده‌ست به‌ خه‌رجكردنی ده‌كرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق روونیكرده‌وه‌، حكومه‌تی عێراق بڕی 17 ترلیۆن دینار وه‌ك داهاتی نانه‌وتی جێگیرده‌كات، كه‌ له‌ چاو داهاتی نه‌وتی گه‌لێك كه‌مه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت، پێكهاته‌ سیاسییه‌كان و گه‌لی عێراق به‌ره‌و په‌ره‌پێدانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتوگوزار و وه‌به‌رهێنان هه‌نگاوبنێن.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، كه‌ زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.

Fly Erbil Advertisment