قازانجەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ بە رێژەی سەدا 85 دابەزیووە

کۆمپانیای سامسۆنگ
کۆمپانیای سامسۆنگ

K24- هەولێر

کۆمپانیای سامسۆنگ رایگەیاند، قازانجەکانی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023دا، بە رێژەی زیاتر لە 86% دابەزیوە، ئەمەش لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا نزمترین ئاستی تۆمارکردووە.

کۆمپانیاکە، پاساو بە خاوبوونەوەی ئابووری جیهان دەهێنێتەوە کە گورزێکی گەورەی لە فرۆشتنی بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی نیسان 2023، کۆمپانیای تەکنەلۆژیای سامسونگی کۆریای باشوور رایگەیاندووە، قازانجی کارکردنی لە ماوەی مانگی یەک تا مانگی ئاداردا، نۆ هەزار و 750 ملیار وۆن (6.6 ملیار یۆرۆ) کەمتر بووە لە هەمان ماوەی ساڵێک پێشتر.

بڕی قازانجی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ 1570 ملیار وۆن (1.06 ملیار یۆرۆ) بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا، 11 هەزار و 320 ملیار وۆن بووە (7.7 ملیار یۆرۆ).

قازانجی کۆمپانیای سامسۆنگ ئەلیکترۆنیکس بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 95% دابەزیوە و گەیشتووەتە 640 ملیار وۆن کە دەکاتە 428 ملیۆن یۆرۆ.

کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەمان ماوەی ساڵدا فرۆشی بە رێژەی 18% دابەزیوە و گەیشتووەتە 63 هەزار و 750 ملیار وۆن کە دەکاتە 42.5 ملیار یۆرۆ.

ئەمرۆ پێنجشەممە، پشکەکانی سامسۆنگ لە بۆرسەی سیئۆلدا بە رێژەی 0.3% دابەزینیان بەخۆوە بینی، هەروەها سامسۆنگ ئەلیکترۆنیکس دڵی گروپی سامسۆنگ و گەورەترین کۆمپانیای لقەکەیەتی.