وەزیری پەروەردە: ھێزە ئەمنییەكان باندێكیان دەستگیركردووە كە كاریان لەسەر فریودانی قوتابیان کردووە

K24 - هەولێر:
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لەسەر داوای یاسایی وەزارەتی پەروەردە ھێزە ئەمنییەكان باندێكیان دەستگیركردووە كە كاریان لەسەر فریودانی قوتابیان کردووە.
ئالان حەمە سەعید لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دزەپێكردنی پرسیارەکانی تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكان بەپێی یاسا سزای تووندی بۆ دانراوە و گوتیشی: بۆئەوەی دادپەروەری بسەلمێنین، هەموو رێکارێک بەرانبەر باندە فریودەرەکان دەگرینەبەر.
وەزیری پەروەردە داوای لە قوتابیان کرد، نزیکی ئەو جۆرە باندانە نەبنەوە و خۆیان بەو بابەتانەوە سەرقاڵ نەکەن، گوتیشی: هەتاوەکوو بەرە بەیانیش پرسیارەکانی تاقیکردنەوە لە پارێزگاکان نییە.
ئالان حەمە سەعید سەبارەت بە پرۆسەی بنەبڕکردنی گزیکردن، ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەکە لەنێو پرۆگرامەکانی خوێندن بە چەند قۆناغێک رێکخراوە، بۆئەوەی ببێتە کولتوورێک و رۆشنبیرییەک بۆ قوتابیان.
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، مۆبایلی تایبەتیان بۆ هەموو ئەو مامۆستایانە دابین کردووە کە بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکەن و، نابێت ئامێرە ئەلکترۆنییەکان ببەنە ژوورەوە، هەروەها دەبێت پشکنین بۆ قوتابیان بکەن.
ئالان حەمە سەعید: نابێت تەنانەت دوای تاقیکردنەوەش وێنەی پرسیارەکان بگیرێت، چونکە وەزارەتی پەروەردە دواتر کۆپیەک لە پرسیارەکان بڵاودەکاتەوە.