مانگی رابردوو تێکڕای هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە

K24 - هەولێر:
تێکڕای هەڵاوسانی ئابووری لە مانگی ئاداری رابردوو لە هەرێمی کوردستان 0.3% دابەزیوە.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەری بۆ مانگی رابردوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە ژمارەی پێوانەیی نرخ لەو مانگەدا گەیشتووەتە 115.04 ، ئەمەش واتە رێژەی هەڵاوسان بەراوورد بە مانگی شوبات بەرێژەی 0.3% نزمبوونەوەی تۆمارکردوەوە.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هۆکاری ئەم دابەزینەی بۆ دابەزین لە نرخەکان لە شوێنی نیشتەجێبوون، خواردنەوە کحولییەکان، تووتن و دابەزینی نرخی پەیوەندییەکان گەڕاندووەتەوە، بەڵام تێکڕای هەڵاوسانی ساڵانە بە رێژەی 4.9% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
پێشتریش دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە، ژمارەی پێوانەیی بەکاربەر لە مانگی شوبات گەیشتووەتە 115.36%، لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمی پێش خۆی 116.02% بووە، واتە 0.6% دابەزیوە.