یەکێتیی زانایان له‌باره‌ی هێرشكردنه‌سه‌ر مزگه‌وتێك له‌ شنگال: داوا له‌ موسڵمانان ده‌كه‌ین بە وریایی مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن

لۆگۆی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلام
لۆگۆی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلام

K24 - هەولێر:

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ده‌كات، کە کرایە سەر مزگەوتێک لە شنگال و رایگەیاند، مزگەوت شوێنی خواپەرستی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک سووکایەتی پێ بکات.

دوێنێ (پێنجشەممە 27ـی نیسان) لە ئەنجامی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی له‌ دەڤەری شنگال دژی گەڕانەوەی ژماریەک خێزانی عەرەب، ژمارەیەک کەس ھێرشیان کردووەتەسەر حەرەمی مزگەوتی شارەکە، له‌مباره‌یه‌وه‌ یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: پێویستە هەموو پێکهاتەکان لەئاست پاراستنی پەیامی پێکەوەژیان بن و بە وریایی و دوور لە ئاستی نزم و بێ زانیاری مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

رۆژی پێنجشەممە 27ی4ی2023 لەلایەن چەند کەسێکی دانیشتووی شنگال هێرشکرایە سەر مزگەوتی (الرحمن) و کاردانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە هێرش و سوکایەتی و کارە تێکدەرانەیە دەکەین، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک بێت سوکایەتی پێ بکات، پێویستە ئیدارەی خۆجێی شنگال و لایەنە پەیوەندارەکان بەزوویی رێکكاری یاسایی بگرنە بەر و کەسانی گێرە شێوێن و بەتایبەت ئەوانەی ئەم جۆرە کارەیان کردووە سزا بدات و رێگە نەدات ئاشوب و کردەی تێکدەرانە لەنێوان پێکهاتەکان دروست ببێ و دواجار سەقامگیری ناوچەکە بکەوێتە مەترسی.

پێویستە هەموو پێکهاتەکان لەئاست پاراستنی پەیامی پێکەوەژیان بن و رێز لە یەکتر و ئاشتەوایی بگرن و رێگە نەدەن کاری تێکدەرانە کاریگەری لەسەر ئارامی کوردستان و پەیوەندی نێوان پێکاتەکان دروست بکات، داواش دەکەین موسڵمانان بە وریایی و دوور لە ئاستی نزم و بێ زانیاری مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

28ی4ی2023