چین هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ سەر کۆمپانیا بیانییەکانی وڵاتەکەی دەستپێکردووە

K24 - هەولێر:
حکومەتی چین هەڵمەتێکی هەڵکوتان و پشکنین و دەستگیرکردنی بۆ سەر کۆمپانیا بیانییەکان دەستپێکردووە کە لەو وڵاتە کار دەکەن، بەگوێرەی رۆژنامەیەکی ئەمەریکیش ئەو هەڵمەتە ئەمنییانە پێچەوانەی بانگەوازەکانی حکومەتی چینە بۆ کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان لەو وڵاتە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆڕناڵ"ـی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی چین لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هەڵمەتێکی بەرفراوانی هەڵکوتان، پشکنین و دەستگیرکردنیان بۆ سەر کۆمپانیا بیانییەکانی ئەو وڵاتە دەستپێکردووە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئەو هەڵمەتە ئەمنییانەی حکومەتی چین کۆمپانیا بیانییە کارکەرەکانی ئەو وڵاتەیان نیگەران کردووە.
رۆژنامە ئەمەریکییەکە باسی لەوە کردووە، چین دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بە ئاسایشی کۆمپیوتەری کۆمپانیای "مێکڕۆن تەکنۆلۆژی" کە تایبەتمەندە بە پیشەسازی دروستکردنی پارچە ورد و بچووکەکانی کۆمپیوتەر، بە هەمان شێوە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەی کۆمپانیای پارێزەری "مینتێز"ـی ئەمەریکی لە شاری پەکین.
بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا باینییە کارکەرەکان لە چین سەردانی بەرپرسانی پەیوەندیداریان کردووە و داوای روونکردنەوەیان لێکردوون، لە وەڵامدا پێیان راگەیەنراوە، ئەو هەڵمەتانە لە چوارچێوەی چەند رێککارێکی بەرفراوانی حکومەتی چینە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و پەرەپێدانی وڵاتەکە و دانانی سنوورێک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن کۆمپانیاکان، کە رەنگە کاریگەرییان بەسەر چۆنیەتی دیدگا و تێڕوانینی دەرەوە هەبێت بەرامبەر بە چین.
ماوەیەک لەمەوبەر حکومەتی چین بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بیانییەکان یاسای سیخوڕی بەرفراوان کرد، کە بەپێی یاساکە بۆ لەمەودوا هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بۆیان هەیە کەلوپەل و ئامێری ئەلیکترۆنی هەر گومانلێکراوێک بەهۆی ئەنجامدانی کاری سیخوڕییەوە بپشکنن، کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر کۆمپانیا بیانییە کارکەرەکانی ئەو وڵاتە زیادکردووە.