بەڕێوەبەری کاروباری ئێزیدییەکان رەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێک بۆ سەر 'مزگەوتی رەحمان' ئەنجامدرابێت

سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی 'کاتژمێر هەشتی' کوردستان24، کە کۆڤان عیززەت پێشکەشی کرد
سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی 'کاتژمێر هەشتی' کوردستان24، کە کۆڤان عیززەت پێشکەشی کرد

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف رەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێک بۆ سەر ' مزگەوتی رەحمان' لە شنگال ئەنجامدرابێت و ئاماژە بەوەدەدار، نە هێرش کراوەتە سەر مزگەوتەکە و نە سووتێندراوە، "بەرپرسیاریشم لە قسەکانم".

رۆژی پێنجشەممە 27ـی نیسانی 2023، دوای گەڕانەوەی نزیکەی 25 خێزانی عەرەبی سوننە بۆ قەزای شنگال، ژمارەیەک لە دانیشتووانی قەزاکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەیان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە رەتکردەوە و بە هۆکاری ئەوەی "ئەو خێزانە عەرەبانە لە رابردوودا هاوکاری چەکدارانی داعشیان کردووە لە کاتی داگیرکردنی شنگال". دواتر وا لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، گوایە ژمارەیەک کەس هێرشیانکردووەتە سەر حەرەمی مزگەوتی (الرحمن)ـی موسڵمانان و مزگەوتەکەیان سووتاندووە و رووداوەکە کاردانەوەی تووندی نەرێنی لێکەوتەوە. 

رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر مزگەوتی (الرحمن)ـی موسڵمانان لە شنگال، میوانی بووڵتەنی 'کاتژمێر هەشتی' کوردستان24 بوو، کە کۆڤان عیززەت پێشکەشی کرد.

سعود مستۆ رەتیکردەوە ئێزیدییەکانی شنگال هیچ هێرشێکیان بۆ سەر مزگەوتی (الرحمن)ـی موسڵمانان لەو شارە ئەنجامدابێت و جەختی لەوەکردەوە، "مزگەوتەکە نە هێرشی کراوەتە سەر و نە سووتێندراوە، بەرپرسیاریشم لە قسەکانم".

 

لەبارەی چۆنییەتی روودانی رووداوەکە، ئەو بەرپرسەە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، ئەوەی لە شنگال روویداوە و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی بەخۆیەوە بینیوە، "تەنها گرژی و ئاڵۆزی نێوان ژمارەیەک دانیشتووی شنگال و هێزە ئەمنییەکاندا بووە و بەهیچ شێوەیەک هێرش نەکراوەتە سەر مزگەوتی (الرحمن)".

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری کاروباری ئێزیدییەکان باسی دەکات، هێرشکردن و سووتاندنی مزگەوتەکان "کاری ئێزیدییەکان نییە" و ئەوان هێرش ناکەنە سەر شوێنە پیرۆزەکان، بەڵکوو دەیان پارێزن، "دوای نەمانی داعشیش، هەر ئێزیدییەکان بوون شوێنە ئایینەکانی شنگالیان پاراست".  

وێنەیەکی مزگەوتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە گوایە لەکاتی هێرشەکەی دوێنێ 27ـی نیسان، لەلایەن چەند کەسێکەوە نێو مزگەوتەکە شێوێندراوە. کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد و دەرکەوت، مێژووی وێنەکە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە، کە پێشتر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، نێو مزگەوتەکە شێوێندرابوو.

 

 

بەگوتەی سعود مستۆ، مێژووی ئەو وێنانەی مزگەوتەکە کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، گوایە لەلایەن ئێزیدییەکانی شنگالەوە سووتێنداروە و شێوێندراوە، "بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر مزگەوتەکە و سووتاندی".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئێزیدییان، هەر جۆرە سووکایەتییەک بە هەر ئایینەک سەرکۆنە و شەرمزار دەکەین".

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان هۆکاری دروستبوونی هەر "جۆرە کارێکی تێکدەرانە" لە شنگال بۆ "نەبوونی ئارامی و بوونی هێزە چەکدارە نایاساییەکان" لە شارەکە گەڕاندووەتەوە، کە وەکو ئاماژەی پێکراوە، "هەموو لایەنەکانی ژیانی ئاڵۆزکردوون، ئەمەش بەهۆی سیاسەتە نادروستەکەی حکومەتی عێراقەوەیە".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، "هەندێک کەسی تێکدەر هەن" دەیانەوێت درز بخەنە ئەو دیوارەی کوردستان ئاوەدانی کردووە، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بە مافە رەسەنەکانیان شاد ببن. ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێمە لەو بڕوایەداین، خەڵکی ئێمە ئاگاداری پلانەکانی دوژمنەکانمانن."

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان پاڵپشتیی خۆی بۆ "خۆپیشاندانی ئاشتییانە" دووپاتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، "بێرێزیکردن بە هەر پیرۆزییەک، کاری تاکی ئێزیدی نییە، بۆیە ئێزیدییەکان ئەو جۆرە کارانە ناکەن و هێرشەکەیان ئەنجامنەداوە".

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دوا دەکات "هەر کەسێک ببێتە هۆکاری لاوازکردن و تێکدانی رەوشی ئارامی هەرێمی کوردستان" بگاتە سزای خۆی و رێکاری یاسایی لەگەڵ بگیرێتەبەر.

 

 

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێکراوە، دوای لەناوبردنی داعش لە ساڵی 2017 بەدواوە، "سەرجەم شوێنە پیرۆز و ئایینەکانی سنووری شنگال، لەلایەن ئێزیدییەکانەوە پارێزراون."

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ "دۆخی ئاڵۆزی شنگال"، "جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالە؛ کە لە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا واژوو کراوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "پێمانوایە بڵاوکردنەوەی هەر پۆستێک لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبارەی بابەتەکەوە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو ئارامی و  پێکەوەژیانەی لە ناوچەکە هەیە و بە تووندی شەرمزاری دەکەین."

 

 

هەر ئەمڕۆ هەینی، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان، بە توندی ئەو هێرشەی کرایە سەر مزگەوتی "رەحمان" لە قەزای شنگال رەتکردەوە، کە ئەو رووداوە لە ئەنجامی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە دژی گەڕانەوەی ژمارەیەک لە خێزانی عەرەبە سوننەکان بۆ ناوچەکە کەوتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا میری ئێزدییان ئاماژەی بەوەکردووە، "رەتکردنەوەی توندی خۆمان بۆ هێرشکردنە سەر مزگەوتی رەحمان و سووتاندنی لە شنگال رادەگەیەنین، هێرشکردنە سەر مزگەوتەکان لە رەوشتی ئێمەی ئێزدیدا نییە".

 

 

هاوکات  یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا "بە تووندی" سەرکۆنەی رووداوەکەی شنگالی کرد و گوتی: ئیدانەی ئەو جۆرە هێرش و سوکایەتی و کارە تێکدەرانەیە دەکەین، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک بێت سوکایەتی پێ بکات، پێویستە ئیدارەی خۆجێی شنگال و لایەنە پەیوەندارەکان بەزوویی رێکكاری یاسایی بگرنە بەر و کەسانی گێرە شێوێن و بەتایبەت ئەوانەی ئەم جۆرە کارەیان کردووە سزا بدات و رێگە نەدات ئاشوب و کردەی تێکدەرانە لەنێوان پێکهاتەکان دروست ببێ و دواجار سەقامگیری ناوچەکە بکەوێتە مەترسی.