سێیەمین فێستیڤاڵی کولتووری و هونەری باینگان بەڕێوەچوو
K24 - هەولێر
سێیەمین فێستیڤاڵی کولتووری و هونەری باینگان لە شارۆچکەی باینگانی سەر بە شاری پاوەی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
لەم فێستیڤاڵە یەک رۆژەیەدا، خواردەمەنی، جلوبەرگ، مۆسیقا و کولتووری کوردی بە گشتی و خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتی بۆ گەشتیاران نمایش کرا. زیاتر لە پێنج هەزار گەشتیار لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداربوون.
ئەو فێستیڤاڵە پاش تۆمارکردنی ناوچەی هەورامان لە لایەن رێکخراوی یۆنسکۆوە، هەموو ساڵێک لە پاش کۆتاییهاتنی مانگی رەمەزان بەڕێوە دەچێت.
باینگان کە زۆربەی خەڵکەکەی بە زاراوەی جافی دەودێن، یەکێک لەو ناوچانە بوو کە لە چوارچێوەی تۆماری جیهانیی دیمەنی کولتووریی هەوراماندا وەک بەشێک لە جوگرافیای هەورامان تۆمار کراوە. هەر بۆیە بەرێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە، گەشتیارێکی زۆر بۆ ئەم ناوچەیە رادەکێشێت.
بڕگەی تایبەتی فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ، رێوڕەسمی دەفژەنی بوو کە یەکەمجار بوو لە ریزی بەرنامەکانی فێستیڤاڵی باینگان زیاد کرابوو. زیاتر لە دووسەد دەفژەنی کورد لە هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لەسەر سەربانی خانووەکانی بەشی مێژوویی باینگانەوە، کۆنسێرتێکی دەفژەنیی بە کۆمەڵیان بەڕێوەبرد، جارێکی دیکە سەلماندیان کە بێهۆ نییە، کورستان وەک ناوەندی دەفی جیهان ناسراوە.