حه‌یده‌رعه‌بدولئه‌میر له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه ماڵئاوایی له زاخۆ ده‌كات

حه‌یده‌ر عه‌بدولئه‌میر راهێنه‌ری یانه‌ی زاخۆ له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه رایگه‌یاند كه ئه‌مڕۆ ده‌چێته مه‌شقه‌كانی زاخۆ و ماڵئاوایی له یاریزانان و كارگێری یانه‌كه ده‌كات. له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی زاخۆ له‌گه‌ڵ ستافێكی نوێی راهێنه‌ران گه‌یشتووه‌ته رێككه‌وتن، له نێویاندا راهێنه‌رێكی كوردی تێدایه.
دوای دۆڕانه‌كه‌ی زاخۆ به‌رامبه‌ر كه‌ربه‌لا و لێبڕینی 20%ـی مووچه‌ی یاریزانان و راهێنه‌ران، حه‌یده‌ر عه‌بدولئه‌میر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش كارگێری یانه‌كه كردووه و وه‌كو یه‌كه‌مین میدیاش ئه‌و راهێنه‌ره عێراقییه په‌یوه‌ندی به ئالان حوسێنی په‌یامنێری كوردستان24 له دهۆك كردووه كه ناگه‌ڕێته‌وه راهێنانه‌كانی زاخۆ و ئه‌مڕۆ له كاتی مه‌شقه‌كان ماڵئاوایی له یاریزانه‌كان ده‌كات.
به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به كوردستان24 زانراوه، یانه‌ی زاخۆ له‌گه‌ڵ نزار مه‌حرووسی راهێنه‌ری سووری و راهێنه‌ری پێشووی هه‌ولێر گه‌یشتووه‌ته رێككه‌وتن و له شوێنی حه‌یده‌ر عه‌بدولئه‌میر ده‌بێته راهێنه‌ری یانه‌ی زاخۆ.
دڵشاد ئه‌حمه‌د راهێنه‌ره كورده‌كه‌ی شاری هه‌ولێر كه وه‌رزی رابردوو یاریده‌ده‌ری نزار مه‌حرووس بوو له یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌مجاره‌ش له لایه‌ن ئه‌و راهێنه‌ره سوورییه داواكراوه كه له یانه‌ی زاخۆ ببێته یاریده‌ده‌ری، سائد سویدانیش ده‌بێته یاریده‌ده‌ری دووه‌م، نه‌بیل عه‌وادیش ده‌بێته راهێنه‌ری گۆڵپارێزه‌كانی یانه‌ی زاخۆ.
یانه‌ی زاخۆ له‌م وه‌رزه دووه‌ه‌مین جاره راهێنه‌ر ده‌گۆڕێت، كه یانه‌كه له‌م وه‌رزه تا ئێستا له كۆی بیست و شه‌ش یاریی ته‌نیا شه‌ش سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستھێناوه و له نۆ یاریی به‌رامبه‌ربووه و یازده یاریشی دۆڕاندووه و یانه‌كه به كۆكردنه‌وه‌ی بیست و حه‌فت خاڵ خانه‌ی شازده‌ی خولی نایابی عێراقی گرتووه و ده خاڵ له هێڵی دابه‌زین دووره.
