یۆرگن کلۆپ بەهۆی تۆمارێکی دەنگییەوە سزا دەدرێت

یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول له‌گه‌ڵ ناوبژیوانی یاریی رابردوویان به‌رامبه‌ر تۆتێنهام پۆڵ تێرنیی گفتووگۆی توند ده‌كات
یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول له‌گه‌ڵ ناوبژیوانی یاریی رابردوویان به‌رامبه‌ر تۆتێنهام پۆڵ تێرنیی گفتووگۆی توند ده‌كات

K24 - هەولێر

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا یۆرگن کلۆپ راهێنەری لیڤەرپوول سزا دەدات بەهۆی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پۆڵ تێرنێی ناوبژیوانی یاریی نێوان لیڤەرپوول و تۆتێنهام کردوویەتی.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە دوای تەواوی بوونی یارییەکە بۆ ئاهەنگگێڕان بەرەو رووی ناوبژیوانی چوارم رۆیشتووە و هاواریکردووە بەسەریدا.

بەهۆی ئەو رەفتارەوە ناوبژیوانی یارییەکە کارتی زەردی بە رووی کلۆپ بەرزکردەوە، پاشان راهێنەری لیڤەرپوول لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە هاتە دەرەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتی یارییەکە ناوبژیوان قسەی نەشیاوی پێ وتووە.

لیژنەی ناوبژیوانی یارییەکانی خولی ئینگلیزیی رایانگەیاند، دەنگی تەواوی ناوبژیوانان بەستراوەتەوە بە سیستەمێکی دەنگیی و هەمووی تۆماردەکرێت و پۆڵ تێرنیی لە یارییەکەدا پیشەییانە مامەڵەی کردووە و هیچ قسەیەکی بە راهێنەرەکە نەگوتووە.

رۆژنامەی دەیلی مەیڵ ئەوەی بڵاوکردووەتەوە لە ئێستادا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و لەوانەیە راهێنەرە 55 ساڵییەکە سزا بدرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر سزاکە بەسەر کڵۆپدا بسەپێت، لیژنەی ناوبژیوانان و فیدراسیۆنە ئینگلیزییەکە تۆمارە دەنگییەکان بڵاودەکەنەوە.

یۆرگن كڵۆپ له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2015 یانه‌ی دۆرتمۆندی جێهێشت و بووه‌ راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ سه‌رپه‌رشتی 426 یاریی كردووه‌، 262 بردنه‌وه‌، 87 به‌رامبه‌ربوون و 77 دۆڕانی هه‌یه‌، دیارترین ده‌ستكه‌وته‌كانی كڵۆپ له‌گه‌ڵ رێدز بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ و پرێمه‌رلیگ بووه‌، دووجاریش خه‌ڵاتی باشترین راهێنه‌ری جیهانی به‌ده‌ستهێناوه‌.

Fly Erbil Advertisment