تورکیا و رووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ رێککەوتننامەی دانەوێڵە تاوتوێ دەکەن

K24 - هەولێر:
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا، دەربارەی درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا رایگەیاند: "پلانوایە رۆژی هەینی پێنجی ئایار، جێگرانی وەزیرانی بەرگریی تورکیا، ئۆکرانیا و رووسیا لە ئیستانبوڵ کۆببنەوە".
خولوسی ئاکار وەڵامی پرسیارێکی دایەوە دەربارەی ماوەی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا و ئەوەی خستەڕوو، لە میانی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی وەزیرانی بەرگریی و سەرۆکانی دەزگاکانی هەواڵگریی تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران لە شاری مۆسکۆ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ سێرگی شۆیگو، هاوتا رووسیاییەکەی ئەنجامداوە.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە 18ی نیساندا لە شاری قایسەری تورکیا لەگەڵ ئۆلێکساندەر کوبراکۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا کۆبووەتەوە و گوتی: "لە میانی کۆبوونەوەکانماندا باسمان لە رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە کرد. لەو میانەیەشدا پێشنیازێکمان پێشکەشی هەردوو لا کرد کە بە ئەرێنی وەڵامیان داینەوە، هەربۆیە پلانوایە جێگرانی وەزیرانی بەرگریی تورکیا، رووسیا و ئۆکرانیا لە رۆژی هەینی پێنجی ئایاردا لە شاری ئیستانبوڵ کۆببنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دەربارەی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە و چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆ دەکرێت. هیوادارین رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە بەبێ هیچ ئاستەنگێک بەردەوام بێت، چونکە ئەم رێککەوتننامەیە لە روانگەی ئاشتیی و سەقامگیریی ناوچەکە و وڵاتانی هەژارەوە زۆر گرنگە".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 30ـی نیسانی 2023، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا توانی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنێک ئەنجام بدات بۆ ناردنی دانەوێڵە بۆ ئەودیوی دەریای رەش، هەروەها وڵاتەکەی هیوای ئاشتیی دەخوازێت بۆ شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە تویتێکدا نووسیبووی، "تورکیا توانی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنێک ئەنجام بدات بۆ ناردنی دانەوێڵە بۆ ئەودیوی دەریای رەش، هەروەها رێگری لە قەیرانی خۆراکی جیهانی کرد".
چاوشئۆغڵو لە تویتەکەیدا دەستی خستووەتە سەر ئەو هەوڵانەی کە ئەنقەرە لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی رووسیا و ئۆکرانیا ئەنجامیداوە، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر و ئاگربەست.
روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی تورکیا یەکەم کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکرانیای لە ویلایەتی ئەنتاڵیا ئەنجامدا، هەروەها توانی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە ئیستانبوڵ ئەنجام بدات کە دوو شاندی هەردوو وڵاتی لەخۆگرتبوو.
جەختیشی لەسەر ئەو سەرکەوتنە کردەوە، تورکیا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستیهێناوە، لە دەستەبەرکردنی رێککەوتنی ناردنی دانەوێڵە بۆ ئەودیوی دەریای رەش. گوتیشی: تورکیا رۆڵی هەبووە لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا.