به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج و عومره ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه

K24 - هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ره‌تیده‌كاته‌وه گه‌نده‌ڵی له تیروپشكی حاجیاندا كرابێت.
له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌كات، به هیچ شێوه‌یه‌ك تیروپشك بۆ ناوی حاجیان ئه‌نجامنه‌دراوه، ئه‌و تیروپشكه‌ی كه كراوه، بۆ هه‌ڵبژاردنی ناوی كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومره بووه.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه:
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان
له یه‌كێك له ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان، دیمانه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كۆمپانیایه‌ك كراوه، گوایه گه‌نده‌ڵی له تیروپشكی حاجیاندا كراوه؟ ئێمه له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه بۆ هه‌موو لایه‌ك روونده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌مساڵ به هیچ شێوه‌یه‌ك تیروپشك بۆ ناوی حاجیان ئه‌نجامنه‌دراوه، ئه‌و تیروپشكه‌ی كه كراوه بۆ هه‌ڵبژاردنی ناوی كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومڕه بووه، كه لیژنه‌یه‌ك له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه به ئه‌ندامیه‌تی به‌رپرسی نووسینگه‌كانی حه‌ج و عومڕه‌ی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆیه‌كان بووه و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمپانیاكان كردووه.
ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه شیاو بوونه و مه‌رجه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی كوردستانی تێدا فه‌راهه‌م بووه، له تیروپشك به‌شدارییان پێكراوه و ئەوانەی مەرجەکانیان تێدا نەبووە یاخود کەم و کوڕییان هەبووە نەخراونەتە نێو پێشبڕکێی تیروپشکەوە و ئەوانەی ناڕازین ئەوانەن کە دەرنەچوون.
لێره‌وه به مافی خۆمان ده‌زانین وه‌كو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج وعومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ناوزڕاندی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج وعومڕه سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌و كه‌سه و خودی ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ش تۆمار بكه‌ین.
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه
3/5/2023