کەناڵێکی ئیسرائیلی: ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بە نهێنی لەبارەی دەرهێنانی غاز گفتوگۆ دەکەن

K24 – هەولێر:
کەناڵێکی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، حکومەتی ئیسرائیل بە نهێنی دەستی بە دانوستاندن کردووە لەگەڵ فەڵەستینییەکان بۆ دەرهێنانی غاز لە کێڵگەی غەززە مارین.
کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتانیاهو، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەڵەستینی دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ دەرهێنانی غاز لە کێڵگەی غەززە مارین کە دەکەوێتە کەنارە ئاوییەکانی کەرتی غەززە و لەسنووری دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین.
کەناڵە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانج لەو هەنگاوە زیندووکردنەوەی دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستینە لە رووی ئابوورییەوە.
کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکان لە عەقەبە و شەرەم ئەلشێخ بە سەرپەرشتی ئەمەریکا و بەشداری میسر و ئوردن ئەنجامدراوە و باس لە پەرەپێدانی کێڵگەی غەززە مارینه و ئامادەکردنی بووە بۆ دەرهێنانی غاز.
راپۆرتەکەی کەناڵە ئیسرائیلییەکە ئاشکراشیکردووە، شاندە ئیسرائیلییەکە لەلایەن تساحی هنگەبی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکایەتی کراوە و شاندی فەڵەستینیش لەلایەن غەسان عەلیان، هەماهەنگیکاری کاروباری دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستینی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل سەرۆکایەتی کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی 13ـی ئیسرائیل، گفتوگۆکان ناگەنە ئەو دەرئەنجامەی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان هاتە کایەوە بۆ رێککەوتن لەبارەی دەرهێنانی غاز لە دەریای ناوەڕاست، بەڵام کاریگەری دەبێت لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ ماوەیەکی درێژ.