نەتەوە یەکگرتووەکان: درێژکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە شکستی هێناوە

K24 – هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، درێژکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە، لەنێوان رووسیا، ئۆکرانیا و تورکیا شکستی هێناوە.
فەرحان حەق جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رووسیا، ئۆکرانیا و تورکیا لە درێژکردنەوەی رێککەوتنی تایبەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵە شکستیان هێناوە.
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، داوا لە رووسیا و ئۆکرانیا دەکەن، بگەنە لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی تایبەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانی لە رێگەی دەریای رەشەوە.
باسی لەوەشکرد، لەم هەفتەیەدا شاندێکی تەکنیکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ تورکیا کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکەن، هەفتەی داهاتوو لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان بەڕێوەبچێت.
پێشتر ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەدابوو، ئەگەر رێگە بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی رووسیاش نەدرێت بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، ئەو رەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنی تایبەت بە هەناردەی دانەوێڵە دەرنابڕن.
ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی گەنم لە جیهاندا، بەجۆرێک 10 لەسەدی گەنمی جیهان دابیندەکات.
هەرچەند بە ناوبژیوانی تورکیا و چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتن لەنێوان ئۆکرانیا و رووسیا کرابوو بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، بەڵام چەند جارێک گرفت بۆ رێککەوتنەکە دروستبووە و هەناردەی دانەوێڵە وەستاوە.