وەزارەتی پەروەردە: لەوانەیە تۆمەتباری رووداوەکەی هێرشکردنە سەر مامۆستاکەی هەولێر 'پلەی مامۆستایەتی' لێ بسەندرێتەوە
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە دووری نازانێت، لایەنی تۆمەتبار بە رووداوەکەی هێرشکردنە سەر مامۆستاکەی هەولێر 'پلەی مامۆستایەتی' لێ بسەندرێتەوە و دەڵێت، ئەو جۆرە کارانە لای ئەوان لە چوارچێوەی میلاکی وەزارەتی پەروەردەدا "هێڵی سوورە".
رۆژی سێشه‌ممه 9ـی ئایاری 2023، مامۆستایەکی شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوو مامۆستای دیکەی بەوە تۆمەتبار کرد، كه هێرشیان کردووەتە سەری و ئازاریان داوە و راگەیاند، دوو مامۆستاكه لە قوتابخانەکەی داوای پرسیارەکانییان لێکردووە و بەهۆی ئەوەی ئەو پێی نەداون، هێرشیان کردووەتە سەری و ئازاریان داوە.
وەزارەتی پەروەردە: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە پێکهێندراوە
رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24، لەبارەی رووداوەکەوە بە سۆڤان فەرمان، پێشکەشکاری بووڵتەنەکەی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی گشتیی پەروەردەی پارێزگای هەولێر بۆ رووداوەکە پێکهێندراوە و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای هەولێر سەرۆکی لیژنەکەیە. هاوکات نوێنەری یاسایی و سەرپەرشتیارییش لەناو لیژنەکەدا هەن.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دووپاتیشیکردەوە، تا لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیە تەواو نەبن و دیار نەبێت، کامە لایەن دەستدرێژی کردووەتە سەر لایەنەکەی دیکە و کامە لایەن تۆمەتبارە، ناتوانن بەشێوەیەکی فەرمی هیچ بڵێن و هیچ بڕیارێک دەربکەن و، "بەڵگە و گوتەی پێویست لەو کەسانە وەردەگیرێت کە پەیوەندیدارن بە رووداوەکە، دواتر هەمووی دەکرێتە کۆنووسێک و بە وەزیری پەروەردە دەدرێت، چونکە خۆی گرنگییەکی زۆر بە بابەتەکە دەدات".
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە: لەوانەیە سزای تۆمەتبار بگاتە ئاستی لێسەندنەوەی پلەی مامۆستایەتی
سامان سیوەیلی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاتێک لێکۆڵینەوەکان تەواوبوون، بۆیان دیاردەبێت، کامە لایەن "تۆمەتبار و کەمتەرخەم" بووە و "هەر کەسێکیش دەرکەوت تۆمەتبارە لەم بابەتەدا، بێگومان سزای 'ئیداری' توند دەدرێت، تەنانەت لەوانەیە سزاکە بگاتە ئاستی لێسەندنەوەی پلەی مامۆستایەتی یان گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی دیکە، هەڵبەتە کۆمەڵێک رێکاری کارگێری دیکە هەن دەتوانین دواتر بیانگرینەبەر".
وەکو ئەوەی سامان سیوەیلی ئاماژەی پێ‌کرد، هەر پێشێلکارییەک لەلایەن هەر کەسێکەوە بەرامبەر بە هەر کەسێک لە 'چوارچێوەی میلاکی وەزارەتی پەروەردە' لەلایەن ئەوانەوە "هێڵی سوورە" و نە رێگەی پێدەدەن و نە بێدەنگ دەبن لێی، "بەتایبەت ئەو بابەتەی دوێنێ سێشەممە 9ـی ئایاری 2023 بانگەشەی بۆ کراوە".
لێکۆڵینەوەکان بەرەو کوێ گەیشتوون؟
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 05:00، پرسیاری لە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاری هەولێر کردووە، کاری لیژنەکە بەرەو کوێ روویشتوون، ئەویش پێی گوتووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و "چاوەڕوان دەکرێت تا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کارەکانی لیژنەکە تەواوبێت".
هەردوو لایەنی رووداوەکە لە دادگا سکاڵایان لە دژی یەکدی تۆمارکردووە. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، هەر کاتێک دادگا نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی لەبارەی ئەو دۆسیە داوا کرد، نوێنەرەکەی یاساییان دەستنیشان دەکەن و رەوانەی دادگای دەکەن، بۆ ئەوەی بەشداری لە دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوەدا بکات.
هەر لەبارەی لێکۆڵینەوەکانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دووپاتیکردەوە، دوای تەوابوونی کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، ئەنجامەکانی بۆ رای گشتیی رادەگەیەنن و "لایەنی تۆمەتبار و سزای کارگێریش بۆ لایەک ئاشکرا دەکەین و ئەمە ئەرکە لەسەر شانی ئێمە".
پەروەردەی هەولێر: ناتوانین پێش رێڕه‌وی یاسایی بكه‌وین
هاوکات رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، لوقمان سه‌عدی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له‌وبارەوە لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، كێشه‌یه‌ك له قوتابخانه‌ی ره‌وشه‌نی بنه‌ره‌تی روویداوه و به یاوه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی یاسای په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر سه‌ردانی قوتابخانه‌ی ناوبراویان كردووه، بۆ ئاگاداربوون و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه كرد، دوای به‌دواداچوونه‌كان، بڕیار درا به پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی كارگێڕی به مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌و رووداوه‌ی له قوتابخانه‌كه دروست بووه، گوتیشی، دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كه به ئه‌ركی خۆی هه‌ڵده‌ستێ، بڕیار له‌باره‌ی چۆنیه‌تی رووداوه‌كه ده‌درێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئاخۆ له مامۆستاكه دراوه؟ دووپاتیكرده‌وه كه ناتوانن پێش رێڕه‌وی یاسایی بكه‌ون. روونیشیكرده‌وه، لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه به‌رده‌وامن و دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه ئه‌ركه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێ و ئه‌نجام به‌ده‌ستده‌هێنێت، ئه‌و كات قسه له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی ناو لێكۆڵینه‌وه‌كه ده‌كرێت.