سوودانی: ئێمە لەبەردەم شەڕێکی ئاڵۆزداین دژ بە ماددە هۆشبەرەکان
K24- هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، شەڕی دەسەڵاتدارانی عێراق لە دژی ماددە هۆشبەرەکان ئاڵۆزە، لە هەمان کاتدا جەختی لەوەکردەوە، کە مەترسییەکەی هەڕەشەیە لەسەر کۆمەڵگا و وڵاتان.
سوودانی لە وتارێکدا کە لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان پێشکەشی کرد، رایگەیاند، پرسی ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشە لە کۆمەڵگاکان دەکات، مەترسییەکەی هەڕەشە لە قەوارە نێودەوڵەتییەکان دەکات، دەشڵێت، ئێمە لەبەردەم شەڕێکی ئاڵۆزداین، کە تێیدا دوژمن دزە دەکات بۆ کوشتنی منداڵەکانمان، خێزانەکانمان لەناودەبەن و پەیکەری کۆمەڵایەتیمان هەڵدەوەشێننەوە.
گوتیشی: شەڕی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان کەمترنیە لە شەڕی ئێمە کە تێیدا سەرکەوتین لە دژی تیرۆر، هەروەها دەبێت کۆمەڵگا بە بەها و رەوشتە رەسەنەکان بەهێزتر بکەین.
سوودانی جەختی لەوە کردەوە، نە لەسەر ئاستی یاسایی و نە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی ئاسانکاری ناکرێت لە رووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها هێزە ئەمنییەکان وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی و تیرۆریستی، مامەڵە لەگەڵ بازرگانیکردن و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن لەگەڵ هەموو ئەوانەش کە تێوەگلاون.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە دامەزراندنی سەنتەری تایبەت کرد بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان، لەوانەش پشتیوانی پزیشکی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆیان دابین دەکرێت.
لەوتارەکەدا گوتیشی: دەسەڵاتی باڵای نیشتمانی بۆ کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنراون، بە هاوکاری وەزارەتەکانی کار و تەندروستی.
سوودانی، روونیشی کردەوە: ئێمە هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە لەژێر ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بۆ ساڵانی 2023 تاوەکو 2025، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانێکی فراوان، بەرەو عێراقێکی بێ ماددە هۆشبەرەکان.
رۆژی سێشەممە، 9ی ئایاری 2023، یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵکردنی مادە هۆشبەرەکان لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، کە سعوودیە و میسر و سووریا تێدا بەشدارن.