ئەفسەرێکی هەواڵگری سەردەمی بەعس: تۆمەتباری تەقینەوەکەی ناوەندی بازرگانی جیهانی نیویۆرکمان لە عێراق دەستگیرکرد
دۆسیەیەک پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراقی ئاڵۆز کرد
K24 - هەولێر
سالم ئەلجومەیلی، ئەفسەری هەواڵگری سەردەمی بەعس باسی ئەمەریکیەکی بە رەچەلەک عێراقی دەکات، کە تۆمەتباربووە بە تەقینەوەی ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک لە ساڵی 1993دا.
سالم ئەلجومەیلی، ئەفسەری هەواڵگری سەردەمی بەعس لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا رایگەیاند، لە ساڵانی نەوەدەکاندا دۆسیەیەک پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراقی ئاڵۆز کرد، ئەویش دۆسیەی عەبدولرەحمان یاسین، ئەمەریکییەکی بە رەچەڵەک عێراقی بوو، کە لە عێراق زیندانی کرابوو و دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بێسەروشوێن بوو، دواتر هیچ شوێنەواری ناوبراو نەدۆزراوەتەوە.
لە ساڵی 1993 ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک کەوتە بەر هێرشێکی تەقینەوە، کە لەلایەن گرووپێکی رێکخراوی قاعیدە ئەنجامدرا، کە ئەندامەکانیان دوو برای عێراقی بوون، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ئەو دوو برایەیان دەستگیر کرد، بەڵام ناچار بوون یەکێکیان ئازاد بکەن.
عەبدولرەحمان یاسین بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازادکرا، دواتر ئەمەریکای بەجێهێشت و بەرەو ئوردن رۆیشت، لەوێشەوە رووی لە عێراق کرد، دوای ماوەیەک هەواڵگری ئەمەریکییەکان سەلماندیان کە بەشداری لە دروستکردنی ئەو بۆمبە زەبەلاحەدا کردووە، کە لەناو بارهەڵگرێکدا دانراوە و لە بۆردومانەکەدا بەکارهاتووە.
ئەمەریکییەکان رایانگەیاند "بە ئاگاداری دەزگای هەواڵگری، ئێمە دەمانزانی عەبدولرەحمان لە عێراقە، بەڵام نەماندەزانی لە کوێیە، بۆ ماوەی 6 مانگ بە دوایدا گەڕاین، بینیمان لە دوکانێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلدا لە ناحیەی ئەلشیاع لە بەغدا کاردەکات".
دەشڵێت: "عەبد عەبدولرەحمانمان خستە زیندانەوە و سەرۆککۆمارمان ئاگادار کردەوە، کە ترسی ئەوەی هەبوو عێراق بخەنە ناو دۆسیەی تیرۆرەوە، بەم شێوەیە بڕیارماندا ئەمەریکییەکان ئاگاداربکەینەوە کە ئەو ئامادەیە، بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەری بنکەی هەواڵگری لە نیویۆرک کرد پەیوەندی بە هەواڵگری ئەمەریکاوە بکات و ئاگاداریان بکاتەوە کە دەستگیرمان کردووە، هەروەها زانیاری تەواومان هەیە لەسەر بۆردومانی ناوەندی بازرگانی جیهان. لەکاتی لێپرسینەوەکەدا، عەبدولرەحمان چیرۆکەکەی گێڕاوەتەوە و دانی بەوەدا ناوە، بۆیە ئەوکارەی کردووە، چونکە لە ساڵی 1991دا، ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر عێراق".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمەریکییەکان داوایان کردووە ئەو زانیاریانە بە نووسراو بۆیان بنێردرێت، وەڵامی سەرۆککۆمار روون بوو، ئێمە راپۆرتیان بۆ نانووسین، ئەگەر ئەوان دەیانەوێت ئێمە بگەینە لێکتێگەیشتن، راستەوخۆ قسە لەسەر بابەتەکە دەکەین، بەم شێوەیە بابەتەکە لە ساڵی 1993 تا 2001 بە هەڵپەسێردراو مایەوە، ئێمە پیاوەکەمان لە باڵەخانەیەکی بچووکدا لەژێر پاسەوانیدا لە کادیمیە دەهێشتەوە و لە کۆتا نهۆمیشدا فڕۆکەوانێکی ئێرانی هەبوو کە پێش هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران فڕۆکەکەی بەسەر ئاسمانی عێراقدا کەوتە خوارەوە".
ئەو ئەفسەرەی هەواڵگری سەردەمی بەعس، باسی لەوەشکردووە: "دوای هێرشەکانی 11ی ئەیلوولی 2001، ئەمەریکییەکان جارێکی دیکە ئەو پرسەیان وروژاندەوە، لەو گۆشەیەوە کە عێراق سپۆنسەری تیرۆر دەکات، بڕیارماندا هەواڵگری دووبارە باس بکاتەوە، ئێمەش هەواڵگری میسرمان خستە سەر خەت، ئەمریکییەکانیش رازی بوون فڕۆکەیەکی ئەمەریکی بنێرن بۆ ئەوەی عەبدولرەحمان ببەن، بەڵام سەدام حوسێن رازی نەبوو بە هاتنی فڕۆکەیەکی ئەمەریکی، ئێمە پێشنیارمان کرد کە ئەمەریکییەکان بە فڕۆکەیەکی میسری بێن، سەرۆکیش (سەدام) هیچ کێشەیەکی نەبوو".
گوتیشی: "دواتر گرێیەکی نوێ دەرکەوت ئەویش ئەمەریکییەکان ئامادە نەبوون واژۆ لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو کەسە بکەن، سەدامیش ترسی ئەوەی هەبوو کە دواتر بانگەشەی ئەوە بکەن کە بە شێوەیەکی دیکە وەریانگرتووە و عێراق تۆمەتبار بکەن، بەم شێوەیە پیاوەکە بە دەستبەسەری مایەوە، پاشان گواسترایەوە بۆ زیندانێکی فەللوجە و لەوێش بێسەروشوێن بوو، لەو بەروارەوە تا ئێستا هیچ شتێک لەبارەی چارەنووسی نازانرێت".