ئیسرائیل سێ سەرکردەی سەرایا قودس-ی لە غەززە کوشت

K24 - هەولێر

ئیسرائیل نزیکەی هەفتەیەک چاوەڕێی ئۆپەراسیۆنی لێدانی سێ لە سەرکردە دیارەکانی "سەرایا قودس" بوو، کە قۆڵی سەربازی بزووتنەوەی "جیهادی ئیسلامی"یە لە کەرتی غەززە، ئەمەش پێش ئەوەی 40 فڕۆکە بنێرێت بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە.

بەهۆی کوشتنی ئەو سێ سەرکردەیەی سەرایا قودس، پێشبینی دەکرێت، وەڵامێکی بەرفراوان لە بزووتنەوەکەوە بێتە ئاراوە، لەوانەیە دەرگای رۆژانی نوێی شەڕ بکاتەوە، کوشتنی ئەو فەرماندانەی سەرایا قودس بۆ ئیسرائیل یەکسانە، باجی رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ.

جیهاد غانم، تەمەن 62 ساڵ، دیارترین سەرکردەیە کە لە لێدانەکانی ئیسرائیلدا کوژرا، کە پلەی "سکرتێری ئەنجوومەنی سەربازی" لە کەرتی غەززە هەبوو، هەروەها یەکێکە لەو سەرکردانەی داواکراوبووە لە ئیسرائیل، لە دوای راپەڕینی قودسەوە لە کۆتایی ساڵی 2000.

غانم لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زیاتر لە جارێک هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و ئەویش لە ئەنجامدا بریندار بووە، کە بووەهۆی بڕینەوەی قاچەکانی، هەروەها سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند،" ئەو پەیوەندیی سەرەکی هەبووە بۆ گواستنەوەی پارە و چەک لە نێوان جیهادی ئیسلامی و حەماس.

تاریق عزەدین، تەمەن 48 ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی عەرەبایە لە باشووری رۆژئاوای جێنین لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین، زیندانییەکی ئازادکراوە لە کەرتی غەززە، ئەو زیاتر لە جارێک لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستگیرکراوە، دوایین جار لە ساڵی 2002 دا، کاتێک سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هێرشەکانی دژی ئیسرائیل.

ئیسرائیل لە چوارچێوەی رێککەوتنی "شالیت" کە لە ساڵی 2011 لەگەڵ "حەماس" ئەنجامیدا، عزەدینی ئازادکرد، بەپێی ئەو رێککەوتنە 1027 زیندانی ئازادکران، لە بەرامبەردا سەربازە ئیسرائیلییەکەی گەلعاد شالیت، و لەگەڵ زیندانی دیکەی ئیسرائیلی لەلایەن جیهادی ئیسلامی ئازادکران.

عزەدین لە ساڵی 2018دا بۆ فەرمانگەی سیاسی "جیهادی ئیسلامی" هەڵبژێردرا.

خەلیل ئەلبەهتینی تەمەن 44 ساڵ، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی و فەرماندەی "سەرایا قودس" بوو، ئەلبەهتینی راستەوخۆ بەرپرسە لە گرووپە شەڕکەرەکان و یەکە مووشەکییەکان، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەلبەهتینی "ئەفسەرێکی باڵای ئۆپەراسیۆن" بووە لە بزووتنەوەکەدا، هەروەها پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ سەرکردایەتی باڵای سیاسی جیهادی ئیسلامی هەبووە.