لەژێر دروشمی 'نەوای رەنگ لە سروشتدا' هەشتەمین پێشانگای هونەرمەند رەزوان قادر لە هەولێر کرایەوە

k24 - هەولێر:
ئەمڕۆ هەشتەمین پێشانگای تایبەتی هونەرمەندی شێوەکار، رەزوان قادر لە گەلەریی میدیا لە شاری هەولێر، لەژێر دروشمی (نەوای رەنگ لە سروشتدا) کرایەوە.
پێشانگاکە 40 تابلۆی لەخۆگرتبوو، کە گوزارشتیان لە سروشتی جوان و دڵڕفێنی کوردستان دەکرد، هەروەها چەندین گرتەی مێژوویش بە خامەی زەیتی وێناکرابوونەوە.

هونەرمەند رەزوان قادر لەبارەی پێشانگاکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای وچانێک لە کارە هونەرییەکانم و گەڵاڵەکردنی چەند پڕۆژەیەکی هونەری و نەخشاندنی چەندین تابلۆ، کە سروشت رەنگی دابووەوە لە زۆربەی کارەکانم، بڕیارمدا هەشتەمین پێشانگای تایبەتی خۆم بە پێشکەش کردنی 40 تابلۆی رەنگین بکەمەوە.

ئەو هونەرمەندە باسی لەوەشکرد، دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی لە تابلۆکانیدا رەنگیانداوەتەوە، بەمەش توانیوویەتی مشتێک بخاتە سەرخەروارێک لە هونەری کوردی و خزمەتی هونەری شێوەکاری.
هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر ئامادەی پێشانگاکە بوون.
