تا دێت دۆخی نێوان ئیسرائیل و غەززە ئاڵۆزتر دەبێت

دیمه‌نی بۆردومانی ئیسرائیل بۆسه‌ر غه‌ززه‌
دیمه‌نی بۆردومانی ئیسرائیل بۆسه‌ر غه‌ززه‌

K24 - هەولێر:

تا دێت دۆخی نێوان ئیسرائیل و غەزە ئاڵۆزتر دەبێت، سوپای ئیسرائیل له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگەیاند، زیاتر لە 270 مووشەک و گوللـە هاوەن لە غەزەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، تا ئێستا زیاتر لە 50 کوژراو و بریندار هەن.

شەڕێکی سەخت لەنێوان سوپای ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی غەززە سەریهەڵدایەوە و دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شوێنی هەڵدانی مووشەکی سەر بە گروپی جیهادی ئیسلامی بە ئامانج گرتووە.

زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئەڤیڤی پایتەختی پێشوو و ناوچەکانی سەر سنووری ئیسرائیل لێدرا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 270 مووشەک و گولـلە هاوەن لە غەزەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، لەو ژمارەیە 65یان لە غەززە کەوتوونەتە خوارەوە، هەروەها 205 مووشەک و گوللـە هاوەن گەیشتوونەتە ئیسرائیل و 62یان لەلایەن سیستەمی بەرگری گومبەزی ئاسنین خراونەتە خوارەوە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا 53 ناوچەی جیاوازیان بۆردوومانکردووە و لە بە ئامانجگرتنی شوێن و حەشارگەی گروپی جیهادی ئیسلامی بەردەوام دەبن.

حکومەتی ئیسرائیلیش ئامادەیە ئۆپەراسیۆنەکانی فراوانتر بکات.

 بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:" ئێمە ئامادەین بۆ ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، تا لە ئێستا و لە داهاتوودا هێرشی سەخت بکەین."

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، زیاتر لە 50 کوژراو و بریندار تۆمارکراون، بەڵام هیچ قوربانییەک لەلایەن ئیسرائیلەوە نەبووە.

ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و غەزە دوای ئۆپراسیۆنی سەربازی قەڵغان و تیری ئیسرائیل دێت، کە سێ سەرکردەی باڵای جیهادی ئیسلامی و 12 کەسی لە غەزە کوشت، چوار لە کوژراوەکان منداڵ بوون، گروپی جیهادی ئیسلامیش ‌هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل کردەوە.

هەروەها ئەمه‌ریکا و میسر داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە لە هەردوو لایەن دەکەن و هۆشداریانداوە لەوەی، ئەگەر شەڕ رانەگیرێت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت.