پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمان بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یونامیان له كهركووك نەکرد

K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ (10ــی ئایاری 2023)، بڕیاربوو کۆبوونەوەی یونامی بە بەشداری هێز و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی کەرکووک لەناو باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمان، بەشداری کۆبوونەوکەیان نەکرد، بە گوتەی نوێنەری لایەنە کوردییەکان و تورکمانەکان: "هۆکاری بەشداری نەکردنیان، جێبەجێنەکردنی رێو و شوێنی پڕۆتۆکۆلی بوو لەلایەن ئەندامانی پارێزگای کەرکووک".
محەممەد کەرکووکی، یاریدەدری بەرپرسی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی و عیرفان کەرکووکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، لە میانەی بەشداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایانگەیاند، بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یونامیان نەکردووە لە کەرکووک، چونکە هەوڵێک هەبوو لەلایەن پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکهوه کە رێگریان لێبکرێت و رێو و شوێنی پڕۆتۆکۆڵی بەرامبەراین جێبەجێنەکرێت.
لە دەسپێکدا، محەممەد کەرکووکی، جەختی لەوەکردەوە، بۆ پاراستنی شکۆی گەلی کورد، بەشداری کۆبوونەوەکانیان نەکرد. ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی بەڵگە و دۆکیومێنتی لەسەر راکان جبوری پێشکەشی یونامی کردەوە، هەموو حزبە کوردستانیەکانیش پشتگیریان لە پارتی کردووە.
یاریدەدهری بەرپرسی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، دەشڵێت: لەلایەن نوێنەری یونامی داوای لێبوردنمان لێکرا، بڕیاردرا کۆبوونەوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شوێنێکی دیکەدا بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، رایگەیاند، راکان جبوری، پارێزگاری کەرکووک ، ئاگاداری ئەوەبوو کە بەڵگە و دیکۆمێنتی گەندەڵی لەسەر کارەکانی ئاراستەی یونامی کرابوو، بۆیە هەوڵیدا رێگریبکات لە بەشداری لایەنە کوردی و تورکمانەکان.
هەروەها راشیگەیاند، تورکمان هیچ رۆڵێکی نییە لە دامودەزگاكانی کەرکووک و هەروەها ئەوانەی حوکمی کەرکووک دەکەن، شکستیان هێناوە.
عیرفان کەرکووکی، گوتیشی: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەرەتای دەستپێکردنی کابینەکەیەوە، هەمیشە لە خەمی چارەسەکردنی کێشەی کوردەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووە.
لەبارەی کێشەی جووتیارانی کورد لە پەڵکانە، محەممەد کەرکووکی، یاریدەدری بەرپرسی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، گوتی: "دەبێت بڕیاری ئەنجوومەنی قیادەی سەوره هەڵبوەشێتەوە، بۆ ئەوەی پرسی زەوییە کشتوکاڵیەکانی هاووڵاتییانی کورد چارەسەربکرێت، هەروەها راکان جبوری پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک، دەستی هەیە لە جوڵەی سوپا بۆ سەر گوندە کوردییەکان.
دهشڵێت: "داوامانکردووە دەسەڵاتی سەربازی لە کەرکووک نەمێنێت، پارتی رژدە لەسەر بابەتی لادانی پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک، بەڵام کێشەکە بەتەنیا بە کورد چارەسەرناکرێت".
یاریدەدری بەرپرسی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، ئاماژەی بەوەشکرد، هەدێک لایەنی کوردی، سوننی و شیعی واژوویان کردووە تا کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، راکان جبووری حوکمی کەرکووک بکات.
محەممەد کەرکووکی، یاریدەدری بەرپرسی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی و عیرفان کەرکووکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، جەختیان لەوەکردەوە، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، کەرکووک بەردەوام تەعریب دەکرێت.