دانیشتووانی ئەنبار: هەرێمی کوردستان سییەکانی ئابووریی عێراقە
دانیشتووان، چاودێران و چالاکوانانی پارێزگای ئەنبار رەخنەی توند لە هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەگرن و داوا دەکەن ناکۆکییەکان بە رێگەچارەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، هاوکات هەڵوێستە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئاوارەکانی پارێزگاکە دەهێننەوە یاد.
بەشێک لە دانیشتووان و چاودێرانی سیاسیی پارێزگای ئەنبار هەنگاوەکانی ئەم دواییەی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان رەتدەکەنەوە و دووپاتی دەکەنەوە کە هەرێمی کوردستان سییەکانی ئابووری و گەشتیاریی عێراق و بەشێکی دانەبڕاوی سیستەمی نیشتمانییە، و نابێت بە بیانووی قاچاخچێتیی نەوت و ململانێی سیاسی بکرێتە ئامانج.
لەبارەی ئەم دۆخەوە، ئەیمەن حەیانی، چاودێری کاروباری سیاسی گوتی: پێویستە پەنا ببرێتە بەر چارەسەری دیپلۆماسی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا.
لای خۆیەوە، باسم محەمەد، توێژەری کاروباری سیاسی رایگەیاند: پێم وایە گفتوگۆ باشترین رێگەچارەیە و بەکارهێنانی هێزیش رەتدەکەینەوە، چونکە ئەزموونەکانی رژێمەکانی پێشوو ئەوەیان سەلماندووە کە بەکارهێنانی هێز هیچ سوودێکی نییە و دانوستان تاکە چارەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی کێشەکان.
هاوکات چالاکوانان و کەسایەتییەکانی ئەنبار هەڵوێستە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستانیان لە ساڵانی ئاوارەبووندا بەبیر هێنایەوە و پرسیاری ئەوەشیان کرد کە ئایا حکوومەتی فیدراڵی دەتوانێت بە هەمان شێوە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەدا مامەڵە بکات؛ مستەفا شەعبانی، چالاکوانی مەدەنی گوتی: لە رۆژە سەختەکاندا هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ ئاوارەکانمان کردەوە و کوردستان سییەکانی عێراقە و لە رۆژگاری ئاوارەییدا هەمیشە پەناگەیەک بووە بۆ ئێمە. ئەگەر دەستدرێژییەکیش بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت هەبووبێت، پێویستە لایەنەکانی لێکۆڵینەوە کاری خۆیان بکەن نەک پەلاماری کوردستان بدرێت، چونکە هەڵکوتانە سەر کوردستان دەستدرێژییە بۆ سەر یەکگرتوویی نیشتمانی.
جاسم دلێمی، یەکێک لە کەسایەتییەکانی شاری رومادیش باسی لەوە کرد: کاتێک لە ساڵی 2014 پەلامار دراین، پەنامان بۆ هەرێمی کوردستان برد، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ کردین و بەرامبەرمان هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەنواند، بۆیە لای ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان کورد و عەرەبدا نییە.
بەشداربووان جەختیشیان لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان رۆڵەکانی گەلی عێراق نابێت ببێتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان، چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوی عێراقە و قۆناخەکە پێویستی بە زمانی گفتوگۆ و هاوبەشی هەیە.