تاران هۆشداری دەداتە واشنتن

سەعید ئیروانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان
سەعید ئیروانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان

K24- هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران بەفەرمی سکاڵای لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکرد، دوای هۆشداریی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی "جیک سولیڤان" لەبارەی هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل بۆ لێدانی دامەزراوەکانی ئێران.

سەعید ئیروانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لە نامەکەدا لێدوانەکانی سولیڤانی بە نابەرپرسانە، شەڕانگێزانە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئیستفزازی و شەڕخوازانە" وەسف کراوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا ئاشکرای کردووە، کە لە نامەکەدا ئێران هۆشداری داوە سەبارەت بە هەر "حیساباتێکی هەڵە یان سەرکێشیەک".

ئەمەش لە کاتێکدایە سولیڤان پەشیمانی خۆی لە بڕیارەکەی ترەمپ لە ساڵی 2018 بۆ کشانەوەی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران دەربڕی و گوتی: واشنتن هێشتا بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدایە بۆ ئەو تەحەدایەی تاران دەیخاتە روو.

سولیڤان ئاماژەی بەوەدا، کە واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەتایبەت ئیسرائیل کاردەکات بۆ ئەوەی ئێران لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی رابگرێت.

سولیڤان لە لێدوانەکانیدا، لە میانی کۆنفرانسی ئینستیتیوتی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: "رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها بایدن چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر، بۆ ئەوەی پابەندبن بەم لێدوانانە لەوانەش داننانە بە ئازادیی کارکردنی ئیسرائیل.

عەلی شەمخانی سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی، “ئەم دانپێدانانە بەو مانایەیە کە ئەمەریکا بەرپرسیار بووە و ئێستاش بەرپرسیارە لە هەموو هێرشە تیرۆریستییەکانی قەوارەی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەکان.

یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران بەشی ئەوەندەی یۆرانیۆمی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پێنج بۆمبی ئەتۆمی، دواتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەفتەی رابردوو لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ یاسادانەرانی ئەمەریکا رایگەیاند، "هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران لەسەر ئاستی جیهانی 50 هێندەی هەڕەشەی کۆریای باکوور زیاترە".