سعوودیە و ئەمەریکا نێوەندگیری لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەکەن

هێزەکانی پشتیوانی خێرا
هێزەکانی پشتیوانی خێرا

K24 - هەولێر:

لە شاری جددەی سعوودیە، گفتوگۆیەکی نهێنی لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بە نێوەندگیری سعوودیە و ئەمەریکا، بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخی سوودان و وەستاندنی شەڕ بەڕێوەدەچێت.

موعتەسەم عەبدولقادر حەسەن، راوێژکاری ئەکادیمیای باڵا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ئەمنی، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، گرنگترین مەرجەکانی سوپای سوودان خۆرادەستکردنەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرایە، هەروەها پێش واژووکردنی هەر رێککەوتنێک گەڕانەوەی ئەندامەکانیەتی بۆ سەربازگەکانیان لە دەرەوەی خەرتومی پایتەخت.

حەسەن پێی وایە کە سوپا کەمتر لەوە قبوڵ ناکات، هەروەها سوپای سوودان هیچ شتێکی کەمتر لە خۆرادەستکردنەوەی فەرماندەیی پشتیوانی خێرا و دادگاییکردنیان لەسەر یاخیبوونیان لە سەرکردایەتی سەربازی قبوڵ ناکات."

لەلایەکی دیکەوە عەبدوڵڵا ئەدهەم خاتر، شرۆڤەکاری سیاسی بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند، هەردوولا "شایستە نین" بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک کە شەڕ رابگرێت و وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی پێشوو، روونیشیکردەوە کە گەیشتن بە چارەسەر پێویستی بەوەیە کە ئەو رێککەوتنە بێتە ئاراوە.

خاتر جەختی لەوەکردەوە، هەر چارەسەرێک لە رێگەی هێزی سەربازییەوە بێت، کێشەکانی وڵات چارەسەر ناکات، بەڵکو خراپتری دەکات و هەڕەشەی شەڕەکانی داهاتوو لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئاشکرایشی کرد، شەڕ لە نێوان هەردوولادا لەسەر کێشە تەکنیکییەکان، دەکرا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکرایە، ئامژەی بەوەشکرد، یەکخستنی هێزەکان بۆ ناو سوپا پرۆسەیەکی گرنگ و سەرەکییە، بەڵام بەهێز ناکرێت و هیچ لایەنێک ناتوانێت بەسەر لایەکی دیکەدا بیسەپێنێت.

ماهر ئەبو ئەلجوخ، رۆژنامەنووس،  پێی وایە دیارترین کارتی فشار کە پشتیوانی خێرا هەیەتی لاوازی سوپایە، هەروەها هێزەکانی پشتیوانی خێرا پشت بە کۆنترۆڵکردنی شوێنەکان نابەستن، تاکتیک لە روووبەرووبونەوەکان بەکاردەهێنن، بە پێچەوانەی تاکتیکی تەقلیدی کە سوپاکان پەیرەوی دەکەن.