وەرزێکی نوێی شانۆیی لە هەولێر دەست پێ دەکات و چەند مانگێك دەخایەنێت

دیمەنێکی شاری هەولێر - ئەرشیف
دیمەنێکی شاری هەولێر - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

بڕیارە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ وەرزێکی نوێی شانۆیی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و زیاتر لە چوار مانگ نمایشە شانۆییەکان بەردەوامبن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تا ئێستا 10 شانۆگەریی ئامادەیە بۆ بەشداری لەم وەرزە شانۆییەدا.

هیوا سوعاد، بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ شێوازی کارەکان لە ئامادەکاری بۆ فیستیڤاڵەوە دەگۆڕن و چوار مانگ زیاتر لە هەولێر سەرقاڵی نمایشی شانۆگەرییە کوردییەکان دەبن، کە ناوەڕۆکەکەیان گێڕانەوەی نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و گرفتەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردین و دەتوانن کەشێکی هونەری جوان لەم شارە دروست بکەن و بینەر لەگەڵ هونەری شانۆ ئاشت بکەنەوە.

بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر گوتیشی: ساڵانێک بەهۆی بارودۆخی کوردستان چالاکییە هونەرییەکان جۆرێک لە سستیان پێوە دیارە و نەبوونی هۆڵی شانۆیش گرفتێکی دیکە و بەردەوام و رێگرە لە پڕۆژە هونەرییەکان.

هیوا سوعاد باسی لەوەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی شانۆییان پێکهێناوە و لەگەڵ دەرهێنەران کۆکن لەسەر ئەوەی تیپە شانۆییەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک، چەمچەماڵ، هەڵەبجە) و شارەکانی دیکە بە شانۆگەرییە تازەکانیان لەم وەرزەدا هەولێر بە جووڵەی هونەری بڕازێننەوە.

Fly Erbil Advertisment