سوودانی: پارێزگای نەینەوا خەریکە دەست بە پرۆسەی ئابووری و خزمەتگوزاری دەکات
K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پارێزگاری نەینەوا لە داهاتوودا دەست بە پرۆسەی ئابووری و خزمەتگوزاری دەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "رۆژی هەینی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوی کەوت بە ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی لە پێکهاتە جیاجیاکانی نەینەوا، شێخەکانی هۆزەکان و کەسایەتییە دیارەکانی ئەو پارێزگایە".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سوودانی پارێزگای نەینەوای بە عێراقی بچووک ناوبردووە، چونکە ئەو شارە نوێنەرایەتی نەتەوە جیاوازەکان و ئایین و مەزهەب و پێکهاتەکان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، لە سەرەتای ئەرکەکانیەوە، ئەولەویەتییەکانی بەرنامەی حکومەت لەسەر بنەمای ئەوە دانراوە کە خوێندنەوەیەکی ورد بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پێویستیانەی پارێزگاکان هەیانە.
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، "پارێزگاکە خەریکە دەست بە پڕۆسەی خزمەتگوزاری ئابووری دەکات، کە دەبێتە بنەمای سەقامگیری و ئاسایش تێیدا، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە پشکی حزب حزبێنە کردەوە بۆ بەهێزکردنی وڵات و دامودەزگاکانی، بە ئامانجی گەیشتن بەو پێشکەوتنانەی کە ئاواتەخوازین، لەگەڵ سەقامگیری ناوچەکە دەرفەتێک بۆ ئێمە دەڕەخسێنێت بۆ دامەزراندنی کاری زیاتر و هەنگاوێک بەرەو پێشەوە".
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارە دوێنێ، سەردانی شاری موسڵی کرد و لەبارەی بارودۆخی ژیانیان و گرنگترین داواکاری و پێداویستییەکانیانەوە گفتوگۆی لەگەڵ هاووڵاتیان کرد.