لە سلێمانی رێوڕەسمێک بۆ ماڵئاوایی دێنێ بەکر و هادی مەحموود بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر:

لە ماوەی 10 رۆژی رابردوو هونەری کوردی دوو هونەرمەندی لەدەستدا، هەریەکە لە هادی مەحمود، ئەکتەر و کارمەندی بەشی سینەما، دێنێ بەکر، بەڕێوەبەری بەشی سینەمای سلێمانی، ماڵئاواییان لە هونەر و ژیاندا کرد.

ئەمڕۆ(15ــی ئایاری 2023)، لە شاری سلێمانی، خانەوادە و کەسەوکاری هونەرمەندان لە مەراسیمێکی ماتەمینییدا ماڵئاواییان لە هەردوو هونەرمەند هادی مەحمود و دێنێ بەکر کرد.

بەشداربووانی مەراسیمەکە دەڵێن، ئەمە ماڵئاوایی هەتاهەتایی نییە و هیواخوازن هەرگیز لە بۆنیەکیدی هاوشێوەدا یەکتر نەبیننەوە.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 30ـی نیسانی 2023، هونەرمەند هادی مەحموود لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

د. ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی رایگەیاند، هونەرمەند هادی مەحموود بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە نەخۆشخانەکەیان کۆچی دواییکردوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.

ھادی مەحموود لەنێو خەڵکیدا بە "حەمە تاڵ" ناسرابوو، ئەمەش دوای بەشداریکردنی لە درامای گەردەلوول، کە لەو درامایەدا رۆڵی کەسایەتی "عەریف حەمە تاڵ"ـی دەگێڕا، هەروەها بەشداری ژمارەیەک فیلم و درامای دیکەی کردووە.

ھادی مەحموود لەدایکبووی ساڵی 1970ـیە لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی، ئەکتەرێکی ناسراوی کوردە و زیاتر لە رۆڵی کۆمێدی دەرکەوتبوو.

رۆژی چوارشەممە (10ــی ئایاری 2023)، دێنێ بەکر بەڕێوەبەری سینەمای سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.

بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی رایگەیاند، هونەرمەند دێنێ بەکر بەهۆی تووشبوونی بە نۆرەی دڵەوە کۆچی دواییکرد.

هونەرمەند دێنێ بەکر بەڕێوەبەری سینەمای سلێمانی بوو، هەروەها لە ماوەی رابردوودا وەکو ئەکتەر لە چەندین کاری هونەریدا بەشداریکردووە.

Fly Erbil Advertisment