له‌پێناو هه‌وڵدان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی دانەوێڵە، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سوپاسی توركیا ده‌كات
K24 - هەولێر:
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری فریاگوزاریی به‌په‌له له رێخكراوهكه، سوپاسی حکومەتی تورکیای بۆ ئه‌و "هەوڵ و وزە و مكوڕییه"یان له‌پێناو درێژكردنه‌وه‌ی رێكه‌وتنی دانەوێڵەی دەریای رەش، كرد.
مارتن گریفیتس یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، لەمیانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سەبارەت بە دۆخی مرۆیی ئۆکراینا قسەی کرد.
گریفیتس ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له كاتێكدا ئۆكرانیا له زستانێكی سه‌خت دێته ده‌ره‌وه، گیانلەدەستدان له ریزی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نیدا لە ماوه‌ی چەند مانگی رابردوودا لە وڵاته‌كه گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه بەپێی ئامارەکانی كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له نەتەوەیەکگرتووەکان، لە 24ـی شوباتی 2022ـه‌وه تا ئێستا، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی گەیشتووەتە 23 هەزار و 600 کەس، بەڵام ژماره راستەقینەکان ره‌نگه زۆر لەوە زیاتربن.
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، کاریگەرییە مرۆییەکانی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زۆر گه‌وره‌ن، كارمه‌ندانی هاوكارییه مرۆییه‌كانی سه‌ر به نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوبەشانیان، بەردەوامن لە دابینكردنی هاوكاریی بۆ رزگاركردنی ژیانی هاووڵاتییان.
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری فریاگوزاریی به‌په‌له له رێخكراوهكه، وێڕای ئاماژەدان بەوەی نزیکەی 3.6 ملیۆن کەس لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا هاوكاریی مرۆیی‌یان وەرگرتووە.
جەختی لەوەش کردەوە، کە هێشتا رووبەڕووی ژماره‌یه‌ك ئاسته‌نگ لە گەیاندنی هاوكارییه‌كان ده‌بنه‌وه و پێویستیان به گه‌یاندنی هاوكاریی زیاتره.
مارتن گریفیتس ئاشكراشیكرد، ئەو بەرهەمە خۆراکییانەی لە چوارچێوەی دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای رەشدا هەناردە دەکرێن، رۆڵێكی ئێجگار گرنگیان لە ئاسایشی خۆراکی جیهانیدا بینیوه و ئه‌و رۆڵه‌ش درێژه‌ی هه‌یه.
گریفیتس تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له سایه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌دا زیاتر لە 30 ملیۆن تۆن كارگۆ لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوه بەشێوه‌یه‌كی پارێزراو هەناردە کراون و له‌سه‌دا 55ی ئه‌و بڕه‌ش گه‌یشتووه‌ته وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و لەسەدا شه‌شیشی گه‌یشتوونه‌ته وڵاتانی پێنه‌گه‌یشتوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی دوایین داتاکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو) کە سه‌ربه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه و ناوه‌نده‌كه‌ی لە رۆمایە، نرخی جیهانیی دانەوێڵە لەماوەی 12 مانگی رابردوودا بەرێژەی لەسەدا 20 دابەزیوە و رایگه‌یاند: "ئەمە به‌ره‌وپێشچوونێكی ئاشكرایه، بەڵام پێویست به ئه‌نجامدانی زیاتر ده‌كات. له‌پێناو ئۆپەراسیۆنەکانی هاوكاریی مرۆیی له رووی خۆراكه‌وه، پێویست به فه‌راهه‌مكردنی دابینکردنێكی پێشبینیکراو ده‌كات".
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری فریاگوزاریی به‌په‌له له رێخكراوهكه، باسی له‌وه‌كرد لەماوه‌ی چەند هەفتەی رابردوودا گفتوگۆی چڕ بۆ درێژکردنەوەی دەستپێشخەرییەکە و به‌ره‌وپێشبردنی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئۆپەراسیۆنێکی کاریگەرتر ئەنجامدراوە، راشیگه‌یاند: "بەردەوامی دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای رەش بایه‌خێكی زۆری هەیە. بانگه‌واز لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتیەکانیان به‌جێبگه‌یه‌نن بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بێ گرفت و به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر بەڕێوەبچێت. جیهان چاوی له ئێمەیه".
مارتن گریفیتس ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێنایه‌وه کە تورکیا کە رۆڵێكی چاره‌نووسسازی لە دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکەدا هەبووه و له ئیستانبوڵ میوانداریی دوایین كۆبوونه‌وه‌كانی كردووه و گوتی: "زۆر سوپاسی حکوومەتی تورکیا ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هەوڵ و وزە و مكوڕییهیان له‌پێناو درێژكردنه‌وه‌ی به دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای رەش".
له مانگی ته‌مووزی 2022، رووسیا و ئۆكرانیا له ئه‌سته‌نبۆڵ به چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان واژووكرد، كه ئامانج لێی ئاسانكردنی گه‌یشتنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیایه بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، به‌بێ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه چاره‌سه‌ری قه‌یرانی خۆراك بكات.
له 24ـی شوباتی رابردوو به فه‌رمانی ڤلادیمێر پووتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرش كرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون و تا ئێستاش شه‌ڕ به‌رده‌وامه.