جێگری پارێزگاری دهۆک: دەست بە کاراکردنی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەکرێت

K24 - هەولێر:

جێگری پارێزگاری دهۆک داوا لە هاووڵاتییانی سنووری ئەو پارێزگایە دەکات سەردانی بنکەکانی تایبەت بە کاراکردنی پسوولەی ئەلیکترۆنیی بەشەخۆراکی مانگانە بکەن و دەڵێت، پڕۆسەکە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئایاری 2023، ماجد سەیید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی ئەو پارێزگایە هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ کاراکردنی پسوولەی ئەلیکترۆنیی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان تەواو کردووە و 147 بنکە لە شارۆچکە و شارەدێیەکان بۆ ئەو مەبەستە کراونەتەوە.

بەگوتەی جێگری پارێزگاری دهۆک، لە ئەمڕۆوە تا دوو مانگی دیکەی پڕۆسەی کاراکردنی پسوولە ئەلیکترۆنییەکان بەردەامی دەبێت، هاوکات داوای لە هاووڵاتییانی سنووری ئەو پارێزگایە کرد، سەردانی بنکەکان بکەن، بۆ ئەوەی کارایان بکەن، "چونکە ئەگەر پسوولەی ئەلیکترۆنیی کارا نەکرێت، هاووڵاتیی هیچ سوودی لێ نابینێت".

پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق تەواو بووە و لە هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا تەنها لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و پڕۆسەکە بەردەوامە؛ دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە، لە پارێزگاکانی دیکەش دەستپێدەکات.

رۆژی 12-02-،2023 نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سوودانی  داوای لە وەزارەتی بازرگانی کردووە لە کەمترین ماوەدا، کارتی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان بە ئۆتۆماتیکی و ئەلیکترۆنی بکات.

بەگوێرە راگەیەندراوکە، لەکۆبوونەوەکەدا باس لە بە ئۆتۆماتیکیکردنی کارتی بەشەخۆراک کراوە کە پشت بە کارتی ئەلیکترۆنی دەبەستێت و کارتەکەش بەناوی بەخێوکاری خێزانەوە دەبێت و لەڕێگەیەوە بەشەخۆراکی مانگانە بە هاوڵاتیان دەدرێت.

Fly Erbil Advertisment