مانگانە زیاتر لە پێنج هەزار تۆن پێستی ئاژەڵ لە هەولێرەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت
لە هەرێمی کوردستان سوود لە پێستی ئاژەڵان نابیندرێت و دەنێردرێتە دەرەوە

K24 - هەولێر
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار سەر ئاژەڵ سەر دەبڕدرێت جگە لە شیر و گۆشتەکەی، سوود لە پێستەکەی وەرناگیرێت و دەنێردرێتە دەرەوە، بازرگانێکی پێستەی ئاژەڵیش دەڵێت: تەنیا لە هەولێر مانگانە پێنج هەزار تۆن پێستە دەنێرین بۆ تورکیا، لەبەر ئەوەی کارگەی پێستەمان نییە، وەزارەتی بازرگانیش رایدەگەیەنێت: هەر کەسێک دەیەوێت کارگە دابمەزرێنێت ئێمە کار ئاسانی بۆ دەکەین.
یەعقوب مەجید، لە هەولێر کار لە ئامادەکردن و هەناردەی پێست بۆ دەرەوەی وڵات دەکات، بە کوردستان24ی گوت: "ئەو پێستەی ئێمە دەینێرینە دەرەوە دەکرێت بە کەلوپەل و کەرەستە و بۆمان دەنێرنەوە، ئەگەر لێرە خۆمان بیکەین سوودی باشتر دەبێت".
گوتیشی: "مانگانە من نزیکەی 50 تۆن پێست هەناردەی تورکیا دەکەم، بەڵام هاوپیشەی دیکەم هەن مانگانە 100 تۆن دەنێرن".
ئەوانەی پێستەی ئاژەڵ دەکڕن و خۆشی دەکەن، هەر تۆنێک بە نزیکەی هەزار دۆلار دەفرۆشن، بە گوتەی بازرگانێکی پێستەی ئاژەڵیش مانگانە زیاتر لە 5 هەزار تۆن پێستە لە هەولێرەوە دەنێردرێتە تورکیا.
جەمیل ئیسماعیل، بازرگانی پێستەی ئاژەڵ دەڵێت: "مانگانە زیاتر لە پێنج هەزار تۆن پێستە لە هەولێرەوە رەوانەی تورکیا دەکرێت، ئەو بارهەڵگرانەی تورکیا کە لەوێوە بار دەهێنن لێرەشەوە پێست دەبەنەوە تورکیا، هەندێک لە بازرگانانی پێستەی کوردستان لە تورکیا کارگەیاند گرتووە لەوێ بۆیان خۆش دەکەن و دەیفرۆشن".
کۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی بە کوردستان24ی گوت: "هەر کەسێک بیەوێت پڕۆژە یان کارگە لە بواری بازرگانی پێست بکات، ئێمە بەرچاوڕوونی پێدەدەین، بۆ ئەوەی ئەو کارگانە دابمەزرێنن کە پێوسیتە و ئەنجامی باشی دەبێت".
لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 379 مۆڵەتی کارگە و پیشەسازی دراوە، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 418 کارگەی دامەزراو هەیە و لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیش 74 مۆڵەت دراوە، بەڵام کارگەی پێستەی تێدا نەبووە.