لە سنووری کەرکووک چوار سایلۆ گەنمی جووتیاران وەردەگرن

K24 - کەرکووک

لە سنووری پارێزگای کەرکووک لەڕێگەی چوار سایلۆوە دەستکرا بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، کە بۆ هەر تۆنێکی گەنمی نمرە یەک بری 850 هەزار دینار دیاریکراوە، بەڕێوبەری بە بازاڕکردنی دانەوێڵەش لە شارەکە دەڵێ: بۆ ئەمساڵ سەرجەم بڕی گەنمی جووتیاران وەردەگرن و هەمان رۆژیش چەکی پارەکەیان پێدەدرێت.

ساڵی رابردوو بەهۆی وشکەساڵییەوە لە سنووری کەرکووک تەنها 194 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێ بری 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت.

هیوا عەبدوڵڵا، جووتیارێکی کەرکووکە و رایدەگەیەنێت، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا هیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ بەرهەمی زەوییەکەی باش نەبووە، ئەو بەشێک لە بەروبوومی زەوییەکەی لە گەنم دوریوەتەوە و دەیەوێ رادەستی سایلۆی بکات.

ئەو جووتیارە، دەڵێ: "بەروبوومی ئەمساڵمان زۆر باشە ئەگەر لە سایلۆکان لێمان وەربگیرێت".

جووتیاران لەئێستاوە دەتوانن لە سایلۆکانی سنووری کەرکووک، بەرهەمەمی گەنم رادەستبکەن، دوای ئەوەی لە تاقیگەی سایلۆکان پشکنین بۆ کوالێتیەکەی دەکرێ، بۆ هەر تۆنێک گەنمی نمرە یەکی ئەمساڵ بڕی 850 هەزار دینار دیاریکراوە، جووتیاران لەهەمان رۆژی رادەستکردنی گەنمەکانیان دەتوانن چەکی پارەکەیان وەربگرن.

حەیدەر نوری جەبر، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "یەکەم کاروانی گەنم لە بارهەڵگرەکان کە دێنە ژوورەوە و بارەکانیان دادگرن، دواتر چەکی پارەکانیان پێدەدرێ ئەگەر فریا نەکەوتن ئەوا رۆژی دواتر وەریدەگرن".

ساڵی رابردوو بەهۆی بێبارانییەوە، کشتوکاڵی کەرکووک تەنها 194 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرت، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکەن بەرهەمی جووتیاران بگاتە زیاتر لە 500 هەزارتۆن، بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێ، 24 کاتژمێر دەرگای سایلۆکان کراوە دەبن بۆ وەرگرتنی بەروبومی جووتیاران.

زوهێر عەلی، بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "گفتوگۆمان لەبارەی کێشە ئەمنی و هونەرییەکانی بە بازارکردنی گەنمی جووتیاران کردووە و پێشبینی دەکەین بری 400 بۆ 500 هەزار تۆن وەرگرین".

سەبارەت بە رێگریکریکردن لە جووتیارانی کورد بەتایبەتی لە سنووری داقووق، لەلایەن سوپای عێراقەوە کە رێگەیان نەدەدا لە دوای کاتژمێر پێنجی ئێوارەوە بەروبەمەکانیان دروێنە بکەن، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک دەڵێ: ئەو بڕیارە لەمڕۆوە کاری پێ ناکرێ، جووتیاران بە ئاگادار کردنەوەی بەرپرسی ئەمنی ناوچەکەیان دەتوانن بە شەویش بەروبوومەکەیان دروێنە بکەن.

 جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک، دەڵێ: "ئەم بابەتە پێش کاتی دروێنە بوو، ئێمە ئەمرۆ پلانێکمان دانا بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیاران و ئەم پلانە لە ئێستاوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

Fly Erbil Advertisment