نەژاد نەجم دەبێتە دادوەر لە ڤیستیڤاڵێکی شانۆیی پیرانشاردا

K24 - هەولێر:

یەکەمین ڤیستیڤاڵی زاب لە رۆژانی 25 تا 27ــی ئایار، لە پیرانشار لە ئاستی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەڕێوەدەچێت، لە یەکەم خولی ئەو ڤیستیڤاڵەشدا شانۆکارێکی کورد دەبێته دادوەر و هەڵسەنگاندن بۆ دەق و بەرهەمە شانۆییەکان دەکات.

نەژاد نەجم، وەک یەکەم شانۆکاری کورد، لە کەرکوکەوە دیاری کراوە بۆ دەستنیشانکردنی باشترین شانۆگەرییەکانی ناو ئەو ڤیستیڤاڵە، هاوکات لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ڤیستیڤاڵەکەی لەژێر دروشمی (بەدیهێنەری جوان)ـی لە پیرانشاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت  و ماوەی 3 ڕۆژیش بەردەوامدەبێت.

هەروەها راشیگەیاند، "هەڵبژاردنی من وەک دادوەرێکی کورد، دوای ئەوە دێت کە لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ گرووپی هەوار چەندین شانۆگەریی بەپێزمان پێشکەش کردووە و توانیومانە بە کارە هونەرییەکانمان جێگەی خۆمان لە نێو ڤیستیڤاڵە عەرەبیەکاندا بکەینەوە".

شانۆکارەکەی کورد، گوتیشی: "لەمیانەی بەشداربوونمان لە ڤیستیڤاڵەکەدا، توانیمان چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری وەک باشترین دەرهێنەری شانۆیی و باشترین دەقی شانۆیی بەدەستبهێنین".

باسی لەوەشکرد، "ئەو میواندارییەی پیرانشاریش ئەزموونێکی نوێ دەبێت لە ژیانی هونەری مندا، کە بتوانم بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمە شانۆییە بەشدارەکانی نێو ڤیستیڤاڵە هونەرییەکە بکەم، کە زۆربەی شانۆگەرییەکانی بە زمانی کوردی پێشکەشدەکرێن، جگە لە منیش ٣ دادوەری دیکە راو سەرنجی خۆیان دەبێت، بۆ هەڵبژاردنی باشترینەکان و خەڵاتی ڤیستیڤاڵیان پێدەبەخشن".

س

 

Fly Erbil Advertisment