وەزارەتی بازرگانی وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران رادەگەیەنێت

K24 – هەولێر:
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە رۆژی پێنجشەممە (25ـی ئایاری 2023)ـەوە دەست دەکرێت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەکردووە، لە رۆژی پێنجشەممەوە سایلۆکان بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بۆ هەر تەنێک بڕی 850 هەزار دینار دەدرێت بە جووتیاران.
لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە بارەی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران رایگەیاند، پاش وەرگرتنی نموونە و دەرچوونی لە پشکنین، گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت و بۆ ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڕی تەنیا 375 هەزار تۆن گەنم دەتوانن وەربگرن.
هەروەها بۆ ئەو مەبەستەش، چل ملیار دینار خراوەتە سەر حساب بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەنمی ئەمساڵ و راستەوخۆ، دوای چەند رۆژێک لە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران چەکی پارەکانیان پێدەدرێت و لە ماوەیەکی کەمدا لەبانکەکان شایستە داراییەکانیان بۆ خەرجدەکرێت.
پێشتریش کوردستان24 بڵاویکردەوە، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بازرگانی عێراق، بڕیاردرا کە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بە یەک نرخ وەربگیرێت و ئەگەر بەرهەمی گەنمی جووتیارانیش لە 375 هەزار تۆن زیاتر بوو، ئەوا جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە بڕیاری رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.