لە سلێمانی زیاتر لە 10 تۆن کاڵای ماوەبەسەرچوو بە قاچاغ هاوردە کراوە

K24 - سلێمانی

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 10 تۆن خۆراك و كاڵای ماوەبەسەرچوو كە بەشێوەیەكی قاچاغ ھێنراونەتە پارێزگاكە لە لایەن لیژنە ھاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لە نێوبردراون.

ئەندامێكی لیژنەى باڵاى لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى لەبارەی ئەو رێگەیانەی بە قاچاغ كاڵاكانی پێدا دەھێندرێتە شارەكان، دەڵێت: ھەندێك كەس خۆراكی ماوەبەسەرچوو لە شارەكانی خواروی عێراقەوە دێنن و بۆ دەرباز بوونیش لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە سوو لە بۆشاییەكان وەردەگرن.

هیوا ساڵح، ئەندامى لیژنەى باڵاى لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى بە کوردستان24ی گوت: "ئەو خۆراکانەى کە بەسەرچوون یان خراپ بوون یانیش بەرواریان درێژ کراوەتەوە زۆربەى زۆرى لە باشووری عێراقەوە دێن، راستە کۆمەڵێک بنکە لەنێوان ئێمە و حکومەتى عێراقى هەیە و بنکەى پشکنینى خۆراکمان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تێکەڵیەک هەیە دەرفەت زۆر هەیە کە بە قاچاغ بێن، بە داخەوە لە شارێکەوە بۆ شارێکى تر ئەم حاڵەتەمان بینوە".

هاوکات سۆران غەفور، بەڕێوبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى دەڵێ: "نووسراوێکمان بۆ هاتووە لە وەزارەتى بازرگانى، دەچینە هەر شوێنێک بۆ نموونە سەیر دەکەین بەروارەکە لەزگەیە مەنەفێستى پێیە و لە سنوور داخڵى کردووە، ئەمە کێشەى گەورەى بۆ ئێمە دروستکردووە یان بەروارى ئێرانییە یان بەروارەکە بە دەست لێ دەبێتەوە، ئەمانە کێشەن".

رێگەکانى هاتنى کاڵاى قاچاغ بۆ سلێمانى زۆرە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنایی بە هاووڵاتیان دەدەن هەر کاڵایەک قاچاغ بێت و مەترسى بۆ سەر تەندروستى هاووڵاتیان دروست بکات، دەستى بەسەردا دەگرن و سەرپێچیکاران رووبەڕووى سزاى یاسایی دەکەنەوە.