زۆرترین کۆمپانیای تورکی و هیندی بەشداری 13ـەمین پێشانگەی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەیان کردووە

یەکێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکانی پێشانگەکە
یەکێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکانی پێشانگەکە

K24 - هەولێر:

کۆمپانیا تورکی و هیندییەکان لە ریزبەندی پێشەوەی کۆمپانیا بیانییەکانن لە 13ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە، کە ئێستا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

بە بەشداری 214 کۆمپانیا و نمایشکردنی زیاتر لە 400 براندی جیهانی، رۆژی سێشەممە (23ـی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 13ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و ژێرخان و شارەوانی و ئامێر و دەزگای پیشەسازی کرایەوە، کە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.

کۆمپانیا بەشدرابووەکان لە 11 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون و لە پێشانگەکەدا نمایشی کار و پرۆژەکانی خۆیان کردووە، ئەوانیش وڵاتانی عێراق، تورکیا، هیندستان، پورتوگال، پۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئێران، سعوودیە، ئوردن، لوبنان و ئیماراتن.

کۆمپانیا تورکییەکان لە ژمارەیان 50 کۆمپانیای بەشداربووە لە لە 13ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە. لە ریزبەندی یەکەمی کۆمپانیای وڵاتە بەشداربووەکان دێن و دوای ئەویش وڵاتی هیندستانە کە 31 کۆمپانیای ئەو وڵاتەش لەو پێشانگەیەدا ئامادەن.

کەرتی وەبەرهێنان و بیناسازی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش، لەدوای ئازادکردنەوەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان بەهۆی هێرشەکانی داعش و زیادبوونی داهاتی هەناردەکردنی نەوت، لە گەشەکردنی بەردەوامە، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی خێرای بازاڕی کاری بیناسازی و کەرەستەی بیناسازی دروستکردووە.

ژێرخانی سەرەکی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بریتین لە پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاو، وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی پیس، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، نەخۆشخانە، قوتابخانە و بیناسازی خانووبەرە، رێگاوبان، پۆند و بەنداوەکان، رێگاکانی هاتووچۆی ئاسمانی، وشکانی و ئاویی، بەندەر، پرد و ناوچەی پیشەسازی.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و چاککردنەوە و بیناسازیدا دەگاتە 100 ملیار دۆلار و هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، پلانی خۆیان هەیە بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی، بە ئامانجی بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها پێشبینی دەکرێت لە بواری بیناسازیدا تا ساڵی 2025، تێکڕای رێژەی گەشەی ساڵانە بۆ زیاتر لە 6% تۆماربکات، کە پشتگیری دەکرێت لەلایەن وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی گواستنەوە، نەوت، کارەبا، پەروەردە، و ژێرخانی نیشتەجێبوون.

Fly Erbil Advertisment