حەسەن سامی : زیاتر لە 14 هەزار کەس سەردانی پێشانگەی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەیان کرد

حەسەن سامی، بەڕێوەبەری کارگێڕی پێشانگەی نیودەوڵەتی هەولێر
حەسەن سامی، بەڕێوەبەری کارگێڕی پێشانگەی نیودەوڵەتی هەولێر

K24 - هەولێر:

بە بەشداری 214 کۆمپانیا و نمایشکردنی زیاتر لە 400 براندی جیهانی، رۆژی سێشەممە (23ـی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 13ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و ژێرخان و شارەوانی و ئامێر و دەزگای پیشەسازی کرایەوە، کە ماوەی چوار رۆژی خایەند و بەڕێوەبەری کارگێڕی پێشانگەی نیودەوڵەتی هەولێر ئاشکرایکرد 14 هەزار و 220 کەس سەردانی ئەو پێشانگەیەیان کردووە.

ئەمڕۆ هەینی (26ــی ئایاری 2023)، حەسەن سامی، بەڕێوەبەری کارگێڕی پێشانگەی نیودەوڵەتی هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دوایین رۆژی پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە، رایگەیاند، پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە تایبەتمەندبوو بە کۆبونەوەی دوو قۆڵی بازرگانی، کە تیایدا چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدرا، هەروەها کۆبوونەوەی بازرگانی بۆ حکومەت کە بۆ یەکەمینجارە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەکی ستانداردی نێودەوڵەتی هاوشانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی بازرگانی ئەنجامبدرێت.

هەروەها راشیگەیاند، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمپانیا بەشداربووەکان  چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامدا، بۆ نیشاندانی ئەو بوار و ئاسانکارییانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشکەشی وەبەرهێنەرانی دەکات، بە مەبەستی برەودانی زیاتر بە کەرتی وەبەرهێنان.

بەڕێوەبەری کارگێڕی پێشانگەی نیودەوڵەتی هەولێر، جەختی لەوەکردەوە، پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازیدەکات لە ئەنجامدانی هەر پێشانگایەک بۆ مەبەستی بەرەوپێشچوون و گەسەسندنی ئابووری هەرێمی کوردستان.

لەبارەی ژمارەی بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان لە پیشانگاکە، حەسەن سامی ئاماژەی بەوەدا، 214 کۆمپانیا لەم پێشانگایە بەشداربوون و کە لە 15 وڵاتی جیاوازە هاتبوون، بە نمایشکردنی 400 براندی جیهانی، ژمارەی سەردانیکەران بریتیبوو لە 14 هەزار و 220 سەردانیکەری پسپۆڕی تایبەتمەند، لەو سەردانیکەرانەش دوو هەزار و 850 سەردانیکەری نێودەوڵەتیمان هەبوو.

سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگەی داهاتوو لە هەولێر، بەڕێوەبەری کارگێڕی پێشانگەی نیودەوڵەتی هەولێر، گوتی: بۆ مانگەکانی داهاتوو سەنتەری پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر لە پلانیدایە 25ــی تەموزی ئەمساڵ پێشانگایەکی تایبەتمەند بۆ خوێندن و فێرکردن و تەکنەلۆجی بکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment